جووتیارانی سلێمانی گەنم بە قەرز بە سایلۆكان نادەن

:: PM:04:22:23/04/2018 ‌

بەغدا هێشتا لە بەرهەمی گەنمی سێ ساڵ، قەرزداری جووتیارانی كوردستانە و دیاریش نییە كەی ئەو قەرزە دەگەڕێنێتەوە، بۆیە جووتیارانی سلێمانی ئەمساڵ ئامادە نین گەنم رادەستی سایلۆكان بكەن و دەڵێن خۆیان ساغی دەكەنەوە.

بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 نزیكەی 600 ملیار دیناری جووتیارانی كوردستان لای بەغدایە. كەمال ئەحمەد كە ساڵانە زیاتر لە 30 تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ متمانەیەكیان بە بەغدا نەماوە و ناكرێت بەرهەمی ماندووبوونی جووتیاران لە لایەن بەغداوە دەستی بەسەردا بگیرێت.

بەگوتەی ئەو جووتیارە ساڵی ڕابردوو بەشێكی كەمی جووتیاران گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كرد، ئەوانەی تر خۆیان گەنمەكانیان فرۆشت.

هەموو ساڵێك لە یەكی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكرێت لە سایلۆكان بۆ ماوەی دوو مانگ، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی دروستكردنی كێشە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستان سێ هەفتە دوا كەوت، هاوكات بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی 115 هەزار تۆن گەنم دیاری كرابوو لە جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام كەمتر لە 50 هەزار تۆن گەنم درایە سایلۆكان لە لایەن جووتیارانەوە.

 سەركەوت حاجی حەمە ئەمین جووتیارێكی تر بۆ "وشە" گوتی، پارەی سێ ساڵی ڕابردووی گەنم لای حكوومەتی بەغدایە كە نزیكەی 10 ملیۆن دینارە. ئەو جووتیارە دەڵێت ئامادە نییە بەرهەمەكەی بداتە بەغدا و تەنیا ماندووبوونەكەی بۆ بمێنێتەوە.

ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو بۆ هەموو هەرێمی كوردستان 400 هەزار تۆن گەنم دیاری كرا لایەن بەغداوە كە سایلۆكان وەریبگرن، لە كاتێكدا بەرهەمی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن تۆن دەبێت، تەنیا لە سلێمانی سەرووی 300 هەزار تۆن بەرهەم دێت، لەو بڕەش 115 هەزار تۆن بۆ سنووری سلێمانی دیاری كرابوو كە لە چاو بەرهەمی سنوورەكە زۆر كەمە.

بۆ ئەمساڵ تا ئێستە نووسراو بە سایلۆكان نەگەیشتووە كە چەند گەنم وەردەگرن، بەڕێوەبەرەكەی سایلۆش جووتیاران دڵنیا دەكاتەوە ئەگەر بڕەكە لە ساڵی ڕابردوو كەمتر نەبێت، زیاتر نییە، سەرەڕای ئەوەی كە نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ پلە یەك و دوو و سێ هەر وەك خۆیەتی و گۆڕانكاری بەسەر نەهاتووە.

 ئەو گوتی، بەهۆی پێنەدان و دواكەوتنی پارەی جووتیاران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، جووتیاران زۆر بە كەمی گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆ دەكەن و خۆیان لە دەرەوەی سایلۆ گەنمەكە دەفرۆشن، ئەم حاڵەتەش لە ساڵی ڕابردوو دروست بوو كاتێك لە سنووری سلێمانی كەمتر لە 50 هەزار تۆن گەنم درا بە سایلۆكان.

 بڕی ئەو پارەیەی لای حكوومەتی بەغدایە و نەدراوە بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 170 ملیار دینارە.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی




وشە - سلێمان تاشان