ئەمەریكییەكان لەگەڵ پارێزگارە عەرەبەكەی كەركووك باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن

:: PM:04:31:23/04/2018 ‌
ئەمەریكییەكان سوورن لەسەر گەڕاندنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركووك كە بە هۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو پەرتەوازە بوون و كشانەوە، لەوبارەیشەوە كۆبوونەوە لەگەڵ راكان جبووری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت دەكەن و داوا دەكەن پێشمەرگە بگەڕێـتەوە شارەكە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی تەناهیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندێكی ئەمەریكییەكان لەگەڵ پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت كۆ بوونەوە، بەڵام ڕێ نەدراوە هیچ ئەندامێكی كورد لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بێت.

زیاتر گوتی، زانیاری هەیە كە لەو كۆبوونەوەیەدا باسی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان بۆ كەركووك كردبێت و ئەمەریكییەكان داوایان كردووە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێستە راكان جبووری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت سەردانی بەغدای كردووە. زانراوە كە دەیەوێت پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێ‌ بكات و پاڵەپەستۆی ئەمەریكییەكانی پێ ڕابگەیەنێت.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەو سنوورە كشاونەتەوە، بەڵام وەك بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ دەكەن، لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لەو سنوورە، ئەمەریكا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی كردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم