مریەمی هەڵەبجە ناوێكی تری لێ دەنرێت

:: PM:04:32:23/04/2018 ‌
بەرپرسێكی یاسایی ئاشكرای دەكات، هاوناز یان مریەم دوای ئەوەی سەلمێنرا لەلایەن دادگا كە ئەوە مریەم نییە و هاوناز نییە، بۆیە چاوەڕوانی دادگا دەكەین كە ناوێكی خوازراوی بۆ دادەنێت تا كێشەكەی یەكلا دەبێتەوە و خێزانەكەی دەدۆزرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی نیسان/ ئەپریل، ئەیاد كاكەیی پارێزەری خۆبەخش بۆ كەیسی هاوناز یان مریەم بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای یەكلاكردنەوەی كەیسی مریەم كە كچی ئەو ماڵە نییە، ئێستە دۆسیەكەی لە دادگایە بۆ داواكاری پێدانی مافی خۆی كە ناو و ناونیشانێكی هەبێت.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، هاوناز هاوشێوەی هەر مرۆڤێكی سەر ئەم زەوینە بەگوێرەی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان، دەبێت ناو ناونیشانی هەبێت، بۆیە چاوەڕوانین لە دانیشتنی ئەمجارەی دادگا ناوێك بە مریەم بدەن.

كاكەیی ئاشكرای كرد كە ناوەكە ناوێكی خوازراو دەبێت هاوشێوەی هەر كەسێكی ئاسایی ناوێكی دەبێت تا كەسوكاری دەدۆزرێتەوە، دوای دۆزینەوەی كەسوكاری ئیتر ناوە ڕاستییەكەی پێ دەدرێتەوە.

مریەم كچە كوردێكی ونبووی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، لە ساڵی ڕابردوو گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و تا ئێستە نەیتوانیوە كەسوكاری ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە.



وشە - رامیار جەواد