بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە دەكرێتەوە

:: PM:04:43:23/04/2018 ‌
بەرپرسێكی پارێزگی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ لەلایەن بەغداوە بڕیار دراوە بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی پارێزگای هەڵەبجە كە دەسەڵاتەكانی هاوشێوەی دەسەڵاتی پاسپۆڕتی پارێزگاكانی تر دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی نیسان/ ئەپریل، عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، فەرمانی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە، ئەمەش لە دوای سەردانی شاندی حكوومەتی عێراق لەیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بۆ هەرێمی كوردستان، خۆشبەختانە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری دا بە كردنەوەی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە.

بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دوای كردنەوەی هەمان دەسەڵاتی بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان دەبێت و هەر هاووڵاتییەك كارتی نیشتمانی هەڵەبجە بێت، ئەوا دەتوانرێت سوود لەو شوێنە وەربگرێت بۆ دەرهێنانی پاسپۆڕت.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی زیاتر گوتی، تا بتوانین خزمەتی زیاتری دانیشتووانەكەی بكەین، پێویستیان بە هەرچییەك بێت ئێمە بۆیان دابین دەكەین لە پۆلیسیش ئەوا دوای كۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگار بڕیار دەدرێت پۆلیسی بۆ دامەزرێنرێت یان ڕاژە بگوازرێتەوە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.

هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی ئێستە سێ‌ بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆڕتی هەیە لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك پێكهاتووە، بەمەش دەبێتە چوارەمین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت.
 





وشە - رامیار جەواد