بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی ناوچە كوردستانییەكان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە

:: PM:07:58:23/04/2018 ‌
هاووڵاتییانی كوردی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 90% كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و بەرپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش لە دیالە دەڵێت، دیالە لە وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان پێشەنگی پارێزگاكانی تری عێراقە.
 
ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، ئەحمەد مەزبان بەرێوەبەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئۆفیسی پارێزگای دیالە، بە "وشە"ی راگەیاند، پارێزگاری دیالە و دەوروبەری پێشەنگی پارێزگاكانی تری عێراقن لە وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان.

زیاتر گوتی، تا ئێستە زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتیی كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە كە ڕێژەكەی دەگاتە 90% لەسەر ئاستی پارێزگاكە.
 
هاوكات ئیبراهیم عەزیز بەرپرسی هەڵبژاردنەكان لە لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی ئەوەی كوردانی ناوچە كوردستانییەكان ستەمی میلشیاكان و سوپای عێراقیان بینیوە، بۆیە بەشێكی زۆریان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە تا دەنگ بە لیستە كوردستانییەكان بدەن.

ئیبراهیم عەزیز بە پێویستی زانی لە ئێستەوە رێوشوێنی تەناهی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی ئاوارە كوردەكان لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ دەنگدان، چونكە ئەو كوردانەی ئاوارەبوون دەبێت بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان دەنگ بدەن.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم