لە دهۆك زۆرترین بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە

:: PM:09:07:23/04/2018 ‌
بەرێوەبەری ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵا هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دهۆك ڕای گەیاند، زۆرترین بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان لە دهۆك كراوەتەوە و ئاوارەكان دەتوانن بەپێی كارتی دەنگدان لەو شوێنانە دەنگ بدەن كە بۆیان دیاری دەكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 23ی نیسان/ ئەپریل، یوسف سەلمان بەرێوەبەری گشتیی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، زۆرترین ڕێژەی بنكەی دەنگدان لە دهۆك بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە كە ژمارەی ئەو بنكانە 61 بنكە و 556 وێستگەی دەنگدانە.

زیاتر گوتی، ئەو ئاوارانەی كە لە دهۆك دەنگ دەدەن پێویستە كاری دەنگدانیان هەبێت، بەڵام دەتوانن ئەگەر كارتە كۆنەكەیشیان هەبێ دەنگ بدەن.

بەرپرسەكەی كۆمسیۆن ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر ئەو ئاوارانە تا ئێستە كارتی دەنگدانیان نییە پێویستە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان دەربكەن و دواتر دەتوانن لە هەرێمی كوردستان لە كەمپەكاندا دەنگ بدەن.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی‌ و دوو كاندیدی‌ تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبڕكێ‌ لەسەر 46 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم