نەتانیاهۆ هێرش دەكاتە سەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران

:: AM:08:36:24/04/2018 ‌
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ جارێكی تر هێرشی كردەوە سەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئێران، دووپاتی لەوە كردەوە پێویستە ڕێككەوتنە هەڵبوەشێنرێتەوە، یان بە تەواوی هەموار بكرێتەوە.

ئەو هێرشەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و حكوومەتەكەی لەگەڵ وڵاتانی ناو ڕێككەوتنەكە لە گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ ئەوەی جارێكی تر بە ڕێككەوتنەكە دابچنەوە، دوای سێ ساڵ لە واژووكردنی.

نەتانیاهۆ داوای كرد، دووبارە ڕێككەوتنەكە هەموار بكرێتەوە، یان بەیەكجاری هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە ئیسرائیل هیچ كات ڕێ بە ڕژێمێكی كۆنەپەرست نادات، دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات و هەڕەشە لەسەر تەواوی ناوچەكە دروست بكات.

زیاتر گوتی، ئەو ڕێككەوتنە دەستی تارانی ئاوەڵا كردووە، بۆ ئەوەی دووبارە بەرنامە ناوكییەكەی پەرە پێ بدات و بە خێرایی دەست بە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوویش كۆماری ئیسلامی ئێران بە پەلە دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم كردووە، تا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێت بەو ڕێژەیەی كە دەتوانرێ چەكی ئەتۆمی پێ دروست بكرێ.

ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە ساڵی 2015 لە جنێڤ واژووكرا، دوای سێ ساڵ لە واژووكردنی ڕێككەوتنەكە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكە یان هەمواركردنەوەی دەكات، بەڵام وڵاتانی تری ناو ڕێككەوتنەكە تا ئێستە نەچوونەتە ژیر باری ئەو داوایەی دۆناڵد ترەمپ و دانوستاندن لە نێوانیان بەردەوامە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د