ڕووسیا: ئەمەریكا لە سووریا ناكشێتەوە

:: AM:08:55:24/04/2018 ‌
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، ئەمەریكا لە سووریا ناكشێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی فورات چالاكییەكانی لە فرەوانبووندایە، ڕووسیایش نیگەرانە لە قووڵبوونەوەی گرژییەكان و داوای ڕێزگرتن لە سەروەری سووریا دەكات.

لاڤرۆڤ لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەی شانگەهای وڵاتی چین لە پەكینی پایتەختی كۆماری چینی میلی گوتی، بووژانەوەی ئابووریی سووریا كاتی زۆری پێویستە، بەڵام لە تەك ئەوەیشدا پێویستە وڵاتان ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری وڵاتەكە بگرن، ڕووسیا نیگەرانە لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پشتیوانكردنی هەوڵەكانی ئەمەریكا، ئەوان هیچ هاوكارییەكیان پێشكەشی سووریا نەكردووە و دەستوەردانیش لە وڵاتەكە دەدەن.

زیاتر گوتی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە فرەوانی چالاكییەكانی لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەست پێ كردووە و لە ناوچەكە ناكشێتەوە و لە سووریا دەمێنێتەوە، وڵاتانی تری ڕۆژئاوایش پشتیوانی مانەوەی ئەمەریكا لە سووریا دەكەن، لە نێویاندا  فڕەنسا.

لە كۆتای قسەكانی سێرگی لاڤرۆڤ هیوای خواست دانوستاندنەكانی ئەم دوایییەی مۆسكۆ و پاریس بەرهەمی هەبێ و هەردوو وڵات لەسەر پرسی سووریا بگەنە ڕوانگەیەكی هاوبەش و بەیەكەوە كار بكەن و هاریكار بن تا تەنگژەی سووریا بە ئاشتی تێپەڕێنرێ، لە چوارچێوەی بنەما و یاساكانی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د