ناوبژیوانی یارییەكەی بایرن میونشن و ریال مەدرید دیاری كرا

:: AM:09:56:24/04/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بەفەرمی ناوبژیوانی هۆڵەندی بیۆرن كویپەرسی دیاری كرد بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكەی نێوان بایرن میونشن و ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

سبەی چوارشەم یانەی بایرن میونشن لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات.

كویپەرس لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان 25 یاریی بەڕێوە بردبوو كە 4 یاریی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو، یەكێك لەو یارییانەش یارییەكەی نێوان بڕووسیا دۆرتمۆند و ریال مەدرید بوو لە قۆناغی كۆمەڵەكان كە تێیدا یانەی شاهانە بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.

كویپەرس هەروەها یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپای لە ساڵی 2014 لە شاری لیشبۆنەی پورتوگالی بەڕێوە بردبوو كە تێیدا یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی بردەوە دوای هەژماركردنی كاتی زیادكراو.

هەروەها یاریی نێوان بڕووسیا دۆرتمۆند و ریال مەدریدی لە ساڵی 2013 لە قۆناغی پێش كۆتایی بەڕێوە بردبوو كە تێیدا یانە ئەڵمانییەكە بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە كە سەرجەم گۆڵەكانیش رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری ئێستای یانەی بایرن میونشن تۆماری كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م