دادگای عێراقی دەیان كاندیدی تر دوور دەخاتەوە

:: AM:10:21:24/04/2018 ‌

 
دادگای باڵا لێكۆڵینەوە لە ناوی دەیان كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات كە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و ئەگەری دوورخستنەوەیان زۆرە. سەرچاوەیەكیش لە دادگا دەڵێ دەسەڵاتی دادوەری سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستێك ناوە كە بەیەكجاری لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دوور دەخرێنەوە.

 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ناوی دەیان كاندیدی داوە بە دەسەڵاتی دادوەری كە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و تۆمەتبار كراون بەدۆسیەی گەندەڵی و تیرۆر، چاوەڕوانیش دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگا بڕیاری كۆتا لەسەر ئەو كاندیدانە بدات و بەیەكجاری ناوەكانیان لە لیست و هاوپەیمانیەتییەكان بسڕێتەوە و بۆ تاهەتایەش لە پرۆسەی هەڵبژارردن دووریان بخاتەوە.

سەرچاوەیەك لە دادگا پشتڕاستی كردووەتەوە كە دەسەڵاتی دادوەری لیستێك ناوی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە كە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆریان لەسەر هەیە، ئێستەش دادگا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی وردە لەسەر ناوەكان و زانیاریی دۆسیەكانیان.

ئاشكرابوونی لیستی دووەمی كاندیدەكان و دوورخستنەوەیان بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر، لە كاتێكدایە پێشتر ناوی كاندیدی هەموو لیست و قەوارەكان بە فلتەری دادگادا تێپەڕی بوون، هاوكات ناویان بەفلتەری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریش تێپەڕی بوو كە بەهۆیەوە لە كۆی حەوت هەزار و 380 كاندید زیاتر لە 284 كاندید لە فلتەری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەری تێنەپەڕی و بەهۆیەوە لە هەڵبژاردن دوور خرانەوە.

 ئەو سەرچاوەیەی دادگا كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە دەیان ناو دراونەتە دادگا و دۆسیەی گەندەڵی و تیرۆریان بۆ كراوەتەوە، پێ دەچێ بەمنزیكانە دادگا بڕیاری كۆتایان لەبارەوە بدات و لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دووریان بخاتەوە ئەگەر تۆمەتەكانیان لەسەر جێگیر بوو كە بەهۆیەوە سكاڵایان لەسەر بەرز كراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە قۆناغی یەكەمدا زانیارییەكانی ناو دۆسیەكانیان بەراورد دەكرێت و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، دوای ئەوەی بڕیاریان لە دژ دەرچوو، ئەوا وێڕای دوورخستنەوەیان لە بەشداریكردن، لە هەڵبژاردن لێكۆڵینەوە لەسەر دۆسیەكانیان لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی "ئەگەری زۆرە دادگا هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتا لەسەر دۆسیەكانیان بدات، بێگومان بڕیارەكەش وێنەیەكی بۆ كۆمسیۆن و لایەنە پێوەندارەكان رەوانە دەكرێت".
 
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێكۆڵینەوە لەناوی كاندیدەكان بەردەوامە ئەگەرچی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەستی پێ كردووە، بۆیە هەر كاتێك ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو كاندیدانە لەسەریان جێگیر بوو، دادگاش بڕیاری لەسەر دان، ئەوا بەشێوەیەكی فەرمی لە هەڵبژاردن دوور دەخرێنەوە و رێیش نادرێت چیتر بانگەشە بكەن.

لەسەر ئەو پرسە عەماڕ عوبێدی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەڵێ، كۆمسیۆن رەزامەندی لەسەر ناوی ئەو كاندیدانە داوە كە ئێستە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، بەڵام  هەركاتێك لەلایەن دادگاوە بڕیار لە دژی هەر كاندیدێك دەربچێت، ئەوا دەستبەجێ كۆمسیۆن بڕیارەكە جێبەجێ دەكات و لە پرۆسەی هەڵبژاردن دووری دەخاتەوە.

ئەو بۆ "عەرەبی جەدید" قسەی كردووە و دەڵێ، پێ دەچێ هەموو فەرمانگەكانی عێراقی لەلای خۆیانەوە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كاندیدەكان بكەن، هەر فەرمانگەیەكیش بەرپرسیاریەتی بەشێك لە لێكۆڵینەوەكەی دەكەوێتە سەرشان بەگوێرەی ئەو كارەی ئەنجامی دەدات. گوتی "دەبوو دۆسیەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردن پێش ئەوەی بانگەشە دەست پێ بكات، هەموو رێكارە یاسایییەكانی تێپەڕاندایە، لەگەڵ ئەمەشدا وەك كۆمسیۆن ناتوانین لە بڕیاری دادگا دەربچین".
 
دادگای عێراقی كە ئێستە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە دۆسیەی ئەو كاندیدانەی تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆریان خراوەتە پاڵ، هیچ روونكردنەوەیەكی نەداوە كە كێیە ئەو لایەنەی سكاڵای لە دژ بەرز كردوونەتەوە، چونكە پێشتر ناوی هەموو كاندیدەكان بە فلتەرە پێویستەكاندا بەگوێرەی یاسا و رێنوێنییەكانی كۆمسیۆن بۆ خۆ كاندیدكردن تێپەڕیون.

زەید عەبدوڵا كاندید لەسەر هاوپەیمانی قەراری عێراقی دەڵێ، پێویستە ناوی ئەو كەسانەی كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەرچووە و رێیان دراوە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، پێشتر بە هەموو فەرمانگە حكوومییە پێویستەكان تێپەڕ بووبوونایە، بەڵام دوای رەزامەندی نیشاندان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، جێی پرسیارە ئێستە سكاڵا لەسەر هەندێك كاندید تۆمار بكرێت و دادگاش بڕیاری لەسەر بدات و لە هەڵبژاردن دووری بخاتەوە.

ئەوەشی گوت، "لایەنی كەم ئەو كەسانە پارەیەكی زۆریان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن خەرج كردووە، كێ قەرەبوویان دەكاتەوە؟".

جێی باسە ئەوانەی ئێستە سكاڵایان لە دژ بەرز كراوەتەوە بە فلتەری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەری تێپەڕیون و رێگریشیان لێ كرا لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن، بەڵام دوای تانەدان لە بڕیاری دەستە، دادگا رێی بە هەندێكیان دا كە بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، 24 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە و 206 حزب و قەوارەی سیاسیش زیاتر لە حەوت هەزار كەسیان كاندید كردووە و كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن.



وشە - فه‌رمان سادق