ئۆپۆزسیۆن: عەبدوڵا گول دژی ئەردۆغان خۆی كاندید دەكات

:: AM:11:32:24/04/2018 ‌


دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ترسی لە عەبدوڵا گول هاوڕێ سیاسییەكەی هەیە خۆی كاندید بكات، ئەمەش وەك داڕمانی ئەو پڕۆژە دوورمەودا گەورەیە وایە كە ئەردۆغان كاری بۆ كرد تا ببێتە دەسەڵاتداری رەها لە توركیا.

دواجار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەسەر پێشنیاری دەوڵەت باخچەلی سەركردەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و هاوپەیمانی پارتەكەی ئەردۆغان رەزامەندی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی كۆماری راگەیاند و بڕیار درا لە 24ی حوزەیران، هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت.

هەڵبژاردنی پێشوەخت دەرفەتێكە لە بەردەم حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن، پێ دەچێ ئەوان عەبدوڵا گوڵ وەك كاندید پێشكەش بكەن، ئەو بژاردەیەش پێوەستە بە رازیبوونی خاتوو میرال ئاكشینار سەرۆكی پارتی خەیری توركی نوێ كە سازش بۆ گوڵ بكات.

چاودێران پێیان وایە گوڵ خۆی كاندید ناكات، بەو پێیەی كەسایەتی و سروشتی ئەو وەهایە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێكی سیاسی گەورە هەڵگرێ بەدوای گەرەنتی دەگەڕێت، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندایە بەو پێیەی كاتێك بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختی داوە كە گەرەنتی سەركەوتنی مسۆگەر كردووە.

جگە لەمە پێشبینییە سیاسییەكان بەو ئاراستەیە دەچن كە خاتوو ئاكشینار پاشەكشە ناكات ئەگەر رێككەوتنی لەگەڵ كەمال كلیچدار ئۆغڵو كرد كە 15 ئەندامی پەرلەمانی حزبەكەی ئۆغڵو دەست لەكار بكێشنەوە و بچنە ریزی حزبی خەیری نوێ بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە دەستوورییەی كە رێ لە ئاكشینار دەگرێت خۆی كاندید بكات.

ئەردۆغان وەبەرهێنانێكی دوورمەودای لەسەر ئەو هەڵبژاردنە كردووە كە هێشتا ساڵێكی ماوە لە كاتی یاسایی و دەستووری خۆیدا، ئەمەش بەشێك بوو لە هەمواری دەستووری كە خەڵكی توركیا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو دەنگیان بۆی دا و ئەمەش دەبێتە یەكەمین هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە توركیا.
 
عەبدوڵا گوڵ خاوەن پێگە و جەماوەرێكی زۆرە لە توركیا بەتایبەت كە ئەو سەرۆكی پێشتری وڵات بووە و كارەكانیشی زۆر بە بێلایەنانە ئەنجام داوە و لایەنگیری هیچ رەوتێكی سیاسی دژ بە لایەنێكی تری سیاسی نەكردووە. چاودێران پێیان وایە كاندیدبوونی گوڵ بەتەنیا مەترسی نییە، بەڵكو مەترسییە گەورەكە دابەشبوون و لەتبوونی حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە كە ئەردۆغان ترسی لێی هەیە، بەڵام پاشخانی ئیسلامیبوونی گوڵ رەنگە رێگری هەرە گەورە بێت بۆ خۆ كاندیدكردن و ركابەریكردنی ئەردۆغان، جگە لەمەش گوڵ پێویستی بە دەنگی كوردەكان دەبێت بەتایبەت پارتی گەلانی دیموكرات، پێ دەچێ كوردەكان لەمەدا پشتگیری لە گوڵ نەكەن و ئەویش نەیەوێت پشت بە كوردەكان ببەستێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەردۆغان.

چاودێران دەڵێن ئەگەر گوڵ بڕیاری خۆ كاندیدكردن بدات، ئەوا پشت بە دەنگی جەماوەری حزبی گەلی كۆماری و حزبی خەیری نوێ دەبەستێت، لەگەڵ حزبی سەعادەی ئۆپۆزسیۆن بەسەركردایەتی تیمیل كەرەم ئۆغڵو.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار كە قسەیان بۆ رۆژنامەی "عەرەب" كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پێ دەچێ گوڵ هەندێ درز و كەلێنی ناو دەستووری توركیا دژ بە ئەردۆغان بەكار بهێنێت ئەگەر بڕیاری خۆ كاندیدكردن بدات، ئەمەش دەرفەتی بردنەوەی زیاتر دەكات.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، بەگوێرەی دەستوور سەرۆك دەتوانێت چەند پۆستێك بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە كە پۆستی گرنگن، بخاتە بەردەم لیستەكانی ناو پەرلەمان، بەمەش رەنگە بتوانێت پشتیوانی كورد و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار بهێنێت و لەخۆی نزیك بكاتەوە.

جگە لەمە چاودێران دەڵێن ئەردۆغان ترسی لە پێوەندییە بەهێزەكانی گوڵ هەیە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت عەرەبستانی سعوودیە كە مانگی ئەیلوولی رابردوو سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو.

ئەردۆغان سەرۆكێكی پراگماتیكییە و پەنا بۆ هەموو كار و كردەوەیەك دەبات تا وەك سەرۆك بمێنێتەوە، هێشتا خاوەن پڕۆژەیە، بەڵام گوڵ كەسایەتییەكی ئیسلامی ئایدۆلۆجییە و هیچ پڕۆژەیەكی راستەقینەی نییە. سەرچاوەكە دەڵێ بە دووری مەزانن ئەگەر گول خۆی كاندید بكات، ئەوا ئەردۆغان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ناچار بكات یەكێك لەو دوو كاندیدە پاشخان ئیسلامییە هەڵبژێرن نەك دوو كاندیدی پاشخان ئیسلامی خۆیان كاندید بكەن، لەو كاتەشدا چانسی ئەردۆغان زیاتر دەبێت.

جگە لە دیوەكەی هەڵبژاردن، پێ دەچێ پڕۆژەی ئەردۆغان بەرەو كۆتاكان بڕوات بەتایبەت كاتێك لەرووی ئابوورییەوە نرخی لیژنەی توركی بەرانبەر بە دۆلار بەجۆرێك دابەزیوە كە پێشتر دابەزینی وەهای بەخۆیەوە نەدیوە، هاوكات یەدەگی بانكی ناوەندیش لە دراوی بیانی زۆر كەمی كردووە بەهۆی هەڵاتنی سەدان وەبەرهێنی تورك.

لەسەر ئەو پرسە ئارگۆن باباهان سەرۆكی بەشی توركی لە سایتی ئەحوال توركیا و بەڕێوەبەری نووسینی پێشتری رۆژنامەی سەباح كە بەربڵاوترین رۆژنامەی توركیایە، دەڵێ ئابووری گرێیەكی زۆر گەورەیە لە بەردەم ئەردۆغان و زۆریش نیگەران بووە بەتایبەت بەرۆیشتنی سەدان وەبەرهێن و پیاوانی پیشەسازكار و بازرگان.

جگە لەمە ئەو هەڵمەتەی ئەردۆغان دەستی داوەتێ دوای كودەتا شكستخواردووەكە، هەر لە گرتنی 50 هەزار كەس تا دەگات بە دوورخستنەوەی 400 هەزار كەس لەسەر پیشەكانیان چ وەك فەرمانبەر یان لە ریزی سوپا تا دەگاتە كەرتی تایبەتیش.

شارەزایان دەڵێن دەستنیشانكردنی كات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كە هێشتا ساڵێكی ماوە، هاوكاتە لەگەڵ سەركەوتنی سوپای توركیا لە چوونی بۆ ناو عەفرین و بەگژداچوونەوەی گەریلا، لەم خاڵەدا بۆ ئەردۆغان سەركەوتنە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی ئاسایی خۆیدا بكرێت دۆخی عەفرین و سووریا بەجۆرێكی تر دەگۆڕێت رەنگە بە زیانی توركیا بێت، كەواتە دەبێتە شكست.

جگە لەمە كاتی نەداوە بە ئۆپۆزسیۆن تا ئامادەكاری بكات، بۆیە ئەو دوو خاڵە بۆ ئەردۆغان گرنگە، پێ دەچێ لە ترسی ئەو دوو خاڵەش گوڵ بیر لەخۆ كاندیدكردن نەكاتەوە و داهاتووی سیاسی خۆی نەخاتە ژێر مەترسییەوە.

چاودێران دەڵێن كەسە نزیكەكانی گوڵ لە هەوڵدان ناوبراو رازی بكەن خۆی كاندید بكات، بەڵام هێشتا ئەو بڕیاری كۆتای نەداوە.



وشە - فه‌رمان سادق