ڕاپۆرتی پێشێلكاری بانگەشەی هەڵبژاردن: بە مۆبایل هەڕەشە لە هەندێك كاندید كراوە

:: PM:02:38:24/04/2018 ‌
یەكەم ڕاپۆرتی تایبەت بە پێشێلكاری قەوارە و لیستەكانی هەڵبژاردن لە ماوەی هەفتەی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاو كرایەوە و بەپێی ڕاپۆرتەكە، زۆرترین پێشێلكاری دڕاندن و لێكردنەوەی پۆستەر و فلێكسی كاندیدەكانە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، سۆران جەلال بەرپرسی هۆبەی یاسایی تۆڕی خەڵك بۆ ماف و ئازادییەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ڕێی پێنج تیمەوە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین ڕۆژانە چاودێری پرۆسەی بەرێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن كراوە.

زیاتر گوتی، ئەو پێشێلكارییانەی تۆمار كراون بریتین لە دڕاندنی پۆستەری كاندیدەكان و ڕەشكردن و شێواندنی وێنەی بەشێك لە كاندیدەكان بە بۆیاغ و هەڕەشەكردن لە چەند كاندیدێك لە ڕێی مۆبایلەوە.

ڕوونی كردەوە كە بەشێكی تر لە پێشێلكارییەكان بریتین لە هەڵواسینی پۆستەر و فلێكس لەسەر تابلۆ و نیشانەكانی ئاگاداركردنەوەی شەقام لە شار و ناونیشانەكان و دانانی پۆستەر و فلێكس لەسەر شۆستەی هاتوچۆی هاووڵاتییان و هەڵواسینیان بە دار و درەخت لە شەقامە گشتییەكان.

لای خۆیەوە مازن عەبدولقادر سەرۆكی ئۆفیسی هەرێمی كوردستانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەكەدا گوتی، وەك كۆمسیۆن سیستمێكی تایبەتیمان بە هەڵبژاردن بڵاو كردووەتەوە، هەروەها دەستەی ژینگە و وەزارەتی شارەوانی ڕێنوێنی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بڵاو كردووەتەوە.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوە بچێ كە كورد بە چەند لیست و قەوارەیەكی جیاواز بەشداریان كردووە.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم