بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە هەولێر 450 هەزار كارتی دەنگدان دابەش كراوە و تا پێنجی ئایار بەردەوام دەبێت دابەشكردنی كارتی دەنگدان، ئەوەی تا نۆی ئایار كارتە كۆنەكەشی نوێ بكاتەوە یان تۆماری بكات، دەتوانێت دەنگ بدات.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، عەلی قادر بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 52 بنكەمان هەیە لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ 16 بنكەی لاوەكی، تا ئێستە 10 بۆ 11 هەزار كارتی دەنگدان ڕۆژانە دابەش دەكرێت.
بەرپرسێی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، ئەگەر كارەكان بكەین بە دوو هێندە، ئەوسا دەتوانین بگەین بەوەی هەموو كارتەكان بگەیەنین بەدەنگدەران كە تا ئێستە 425 هەزار كارتی دەنگدان لە هەولێر دابەش كراون.
قادر ئاشكرای كرد لە پێنجی ئایار دابەشكردنی كارتی دەنگدان دەوەستێت، لە هەولێر ئێستە 222 هەزار كارت زیاتر ماوە وەرنەگیراوەتەوە، بۆیە لەكاتی ئەوەی نۆی ئایار تۆماركردن دەوەستێت، هاووڵاتییان دەتوانن بە كارتی دەنگدانی كۆنیش دەنگ بدەن بەمەرجێك تۆمار كرابێتەوە.
لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی و دوو كاندیدی تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.