ئەمەریكا پشتگیریی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكات
لە كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازی ئەمەریكا دووپات لە سەر هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا كرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جەنەرال پاول فانك و شاندی یاوەری كە پێكهاتەیەكی دیپلۆماسی و سەربازی بوون كرد و لەم دیدارەدا دوا ڕەوشی ناوچەكە و پێوەندییەكانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە بواری جیاجیادا تاوتوێ كران.
لە میانەی دانیشتنەكەدا شاندی ئەمەریكی دووپاتیان كردەوە كە وەك كیانێكی دەستووری پشتگیری لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتوو دەكەن و خوازیارن پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر و بەهێزتر ببێت.
لە بارەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی كردەوە تیرۆریستییەكان، شاندی ئەمەریكی پشتگیریی خۆیان بۆ هاوئاهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان دووبارە كردەوە و رایانگەیاند كە خوازیارن ئەو هاوئاهەنگییە لە گشت ناوچەكان پەرەیان پێ بدرێت.
لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی دووپاتی لەسەر پێویستیی هاوكاریی هەمە لایەنە كردەوە تا هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە بڕەخسێت و بە چارەسەریی كێشە سیاسی و ئیداری و دەستووریەكان هۆكارەكانی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبكرێن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم