كورد بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكات شتێك بەناوی عێراق نامێنێتەوە

:: PM:04:56:24/04/2018 ‌
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەبارەی بەشداری كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، كورد لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا بەشداری نەكەن، هیچ شتێك نامێنێتەوە بەناوی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، محەمەدی حاجی محموود سكرتێری سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەناو جەماوەری حزبەكەی گوتی، تا ئەو كاتەی وەڵامی داواكارییە دەستووریەكانی كورد دەدرایەوە پێویست بوو لایەنە كوردستانییەكان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا نەكەن، بەڵام بەداخەوە ئەمە نەكرا.

حەمەی حاجی محموود نیگەرانی خۆیشی لە یەك لیستی نێوان حزبە سیاسییەكان پیشاندا لەوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەتوانرا بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكرێت و لەوبارەیەوە گوتی، دەمانەویست لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە لیستێكی یەكگرتوو بەشداری هەلبژاردن بكەین، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا كاكە حەمە ڕای گەیاند، ئەگەر كورد لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا بەشداری نەكەن، هیچ شتێك نامێنێتەوە بەناوی عێراق، بۆیە چەمكی كەمینە و زۆرینە هیچ واتایەك بۆ عێراقێكی یەكگرتووە ناهێڵێتەوە.

قسەكانی ئەو بەرپرسە سیاسییە لەكاتێكدایە كە بۆ هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار كورد بە پەرتەوازەی و بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە و لە ناوچە كوردستانییەكان و كەركووكیش پێشبینی كەمبوونەوەی دەنگی كورد دەكرێت بەهۆی داگیركردنی ئەو ناوچانە لەلایەن دەسەڵاتی سەربازی بەغداوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم