ئێران ترەمپ لە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی وریا دەكاتەوە

:: PM:05:35:24/04/2018 ‌

لە ناوەڕاستی ئایاری داهاتوو ئەمەریكا بڕیار لە سەر بەردەوامبوون و یان نەبوونی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات، حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران وریایی دایە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە پاشەكشكردن لە رێككەوتننەكەی لەگەڵ ئێران و رای گەیاند كە رووبەڕووی ئەنجامی سەخت دەبێتەوە.

رووحانی لە دیدارێكی بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران رای گەیاند، بەوانە دەڵێم كە لە كۆشكی سپین، ئەوان ئەگەر پابەندی ئەوە نەبن كە لەسەریانە، ئەوە حكوومەتی ئێران بەتوندی هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە ئەگەر كەسێك ناپاكی لە رێككەوتننەكە بكات ئەوە رووبەڕووی سزای سەخت دەبێتەوە. 

لای خۆیەوە بەم دواییە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وریایی دا لەوەی ئێران ئامادەیە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكاتەوە ئەگەر ئەمەریكا دەستبەرداری رێككەوتننی ئەتۆمی ببێت كە لە 2015 ساز كراوە و ئاماژەی كرد، چەندان رێوشوێنی توند هەن كە تاوتوێیان دەكەین ئەگەر ئەوە روو بدات.

ترەمپ 12ی مانگی ئایاری داهاتووی وەك دوا وادە بۆ ئەروپییەكان دیاری كرد بۆ راستكردنەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران، لەو كاتەی وڵاتانی رۆژئاوا لە پاڵەپەستۆیان بۆ سەر ترەمپ بەردەوامن بۆ پاراستنی رێككەوتننەكە و بۆ ئەو مەبەستە ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا لە واشنتن ئەو پرسەی لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكا باس كردووە. 

لای خۆیەوە ترەمپ رای گەیاند كە كار بە سزا ئابوورییەكان دەكات كە وڵاتەكەی بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە بەسەر ئێرانی سەپاندبوو، ئەگەر هاوپەیمانەكانی ئەوروپایی كێشەكانی ناو رێككەوتننەكە چارەسەر نەكەن تا 12ی ئایاری داهاتوو، كە ئەوەش هەڕەشەی خستە سەر بەردەوامبوونی رێككەوتننەكە.

سەرچاوە عەرەب 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل