فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوردمانی دەڤەری نێروە و رێكان دەكەن

:: PM:05:51:24/04/2018 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری "نێروە و ڕێكانی" سەر بە شارەدیێ شێلادزێیان لە سنووری شارۆكەی ئامێدی بوردمان كرد، بەڵام تا ئێستە زیانەكانی ئەو بوردمانە نەزانراوە.

سەرچاوەیەك لە كۆمەڵگای سیریێ سەر بە شارەدێیی شێلادزێ بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری نێروە و رێكانی سەر بە شارەدیێ شێلادزێیان بوردمان كرد و تا ئێستە زیانەكانی ئەو بوردمانە نەزانراوە.

زیاتر گوتی، ئامانجی بوردمانەكە لێدان بووە لە بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چەند بارەگایەكی پەكەكە لەو سنوورەدا هەیە.

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای گارە و گوندی پیروزانایان بوردمان كرد كە تەنیا پێنج كیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆكەی ئامێدی دوورە و ناوچەیەكی ئاوەدانە.

بوردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە كاتێكدایە كە لەماوەی مانگی رابردوو بەهۆی ئەو بۆردمانانەوە سێ برا لەو ناوچەیە شەهید بوون و دوای 10 ڕۆژ تەرمەكانیان دۆزرایەوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم