بەشێكی زۆر لە دەرمانی گیایی دەستی بەسەردا گیرا
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەلایەن تیمەكانی چاودێری كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی گیایدا گیراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، لەلایەن تیمەكانی چاودێری بازاڕی دەرمان دەست گیراوە بەسەر بڕێكی زۆر لە دەرمانی گیای كە لە بازاڕەكاندا فرۆشراوە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو دەرمان و مادانەی دەستی بەسەردا گیراوە بە شێوەیەكی نایاسایی هاوردەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كراون و هیچ پشكنینێكیان بۆ نەكراوە و بەپێی بەدواداچوونەكان زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان ڕای گەیاندووە، پێویستە هاووڵاتییان دوور بكەونەوە لە كڕین و بەكارهێنانی دەرمانی گیایی یان ئەو دەرمانانەی لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت و هیچ مۆر و بەڵگەیەكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەرەوە نییە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی فراوان كاری فرۆشتنی ئەو دەرمانانە دەكرێت و زۆرجاریش ئەو دەرمانانە بە نهێنی دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
وشە -
سهرخێڵ هاشم