كەشناسی لەسەر هاتنی شەپۆڵێكی تری باران ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:06:36:24/04/2018 ‌
دەزگای كەشناسی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆڵێكی باران بارینی چڕ سنوورەكانی تكریت و سەڵاحەدین و گەرمیان و كەركووك دەگرێتەوە و پێشبینی باران بارینێكی بەردەوام دەكرێت و كەشناسی هەرێمی كوردستانیش ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، دەزگای كەشناسی عێراق بڵاو كردووەتەوە ئێوارەی هەینی و ڕۆژانی شەموو و یەكشەم شەپۆڵێكی باران بارینی چڕ ڕوو لە تكریت و سەڵاحەدین و گەرمیان و كەركووك دەكات.

لای خۆیەوە ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هاتنی شەپۆڵی باران بارین لە وەرزی بەهار گۆڕانكاری تێدا دەبێت بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، بۆیە ئێستە زووە بڕیار لەسەر باران بارین بدەین.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئێمە پێشبینیەكانی خۆمان بڵاو دەكەینەوە بە ڕۆژێك یان ڕۆژ و نیوێك، بۆ ئەوەی پێشبینییەكان زاستی و وورد بێت بۆ هاووڵاتییان لەسەر بارینی باران.

چەتۆ ئاشكرای كرد لە ئەگەری هاتنی شەپۆڵێكی تری باران بارین لە هەفتەی داهاتوو ئێمە پێوەندی باشمان هەیە لەگەڵ دەزگای كەشناسی عێراق لەكاتی خۆی پێشبینی خۆمان ڕادەگەیەنین كە چ شوێن و ناوچەیەك دەگرێتەوە.

هەرێمی كوردستان زیاتر ناوچەیەكی شاخاوییە كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و كەنداوی عەرەب تێكڕای باران بارین لە ساڵێك نزیكەی هەزار و 500 بۆ 400 ملیم بارانە.



وشە - رامیار جەواد