ئەمەریكا داوای بەردەوامی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات

:: PM:07:27:24/04/2018 ‌
فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا بەردەوامی هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە لێفتنانت جەنەراڵ پۆڵ فۆنگ، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا و جێگری باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەربازیی یاوەریان كرد.

لە كۆبوونەوەكە شاندی میوان هاوكاری نێوان هێزەكانی هاوپەیمان و حكوومەتی هەرێم و وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و پشتگیری و هاوكارییەكانی حكوومەتی بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان بەرز نرخاند و بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی گرنگ و بۆ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی دووپات كردەوە.

شاندەكە دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ڕابردوودا توانیویانە بە گفتوگۆ بەشێك لە كێشە هەڵواسراوەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن و هیوایان خواست گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بەردەوام و فراوانتر بكرێت، هەروەها تیشكیان خستە كار و ئەركەكانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەوپێشەوەچوونی كارەكان كە تا ئێستە بە باشی ئەنجام دراون و بەردەوام دەبن.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی هێزی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمەریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا و بەردەوامیی ئەو هاوكارییەی بە پێویستی زانی و دووپاتی لە گرنگیی هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان كردەوە، سوپاسی پشتگیریی ئەمەریكای كرد لە زەمینە خۆشكردن بۆ دەست پێ كردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا.






وشە - رامیار جەواد