ترەمپ: ئێران تووشی كێشەی گەورەتر لەوەی رابردوو دەبێتەوە

:: PM:07:40:24/04/2018 ‌

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا وریایی دا بەوەی ئێران رووبەڕووی كێشەی گەورەتر دەبێتەوە ئەگەر دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بكاتەوە، ئەو رای گەیاند كە رێككەوتننی ئەتۆمی ئێران كارەساتاوییە. 

ترەمپ لە میانەی دیداری لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا لە كۆشكی سپی و لەبارەی ئێرانەوە گوتی، ئەوان ئەگەر دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەیان بكەنەوە تووشی كێشەی گەوەرتر لەوەی رابردوو دەبنەوە.  

ئەو وریاییكردنەوەی ترەمپ دوای ئەوەوە دێت كە عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاندبوو كە رەنگە تاران لە پەیماننامەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی پاشەكشە بكات ئەگەر سەرۆكی ئەمەریكا رێككەوتننامەی ئەتۆمی كە لە 2015 ساز كراوە، هەڵبوەشێنێتەوە.  

ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاماژەی كرد، رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئامادەیە بۆ هەر جموجۆڵێكی لەناكاو ئەگەر رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە هەڵبوەشێتەوە و پاشەكشەكردنی تارانی لە پەیماننامەی قەدەغەكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی بە یەكێك لە سێ بژارە بەردەم ئێران دانا.

رێككەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە 2015 هاتە واژوو كردن كە باس لە سووككردن و لابردنی سزا و گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران دەكات لە بەرانبەر سڕكردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران، لەو كاتەی پەیماننامەی قەدەغەكردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی لە 1970 هاتە واری جێبەجێبوون بەمەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و بەكارهێنانی ئاشتییانەی وەزەی ئەتۆمی بۆ ئەندامانی مسۆگەر دەكات.

 سەرچاوە سكای نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل