زیاتر لە 40 تەنكەر سووتەمەنی خراپ ڕەوانەی ئێران كرایەوە

:: PM:08:05:24/04/2018 ‌
لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا و تەنیا لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخی سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 40 تەنكەری گاز بەهۆی دەرنەچوون لەپشكنینی یەكەی سووتەمەنی مەرزەكە، لەرێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە ڕەوانەی وڵاتی ئێران كراونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، ئەزوەر مەحموود سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی لەم رۆژانەدا ژمارەیەك تەنكەری سووتەمەنی كە گازوایلی ئێرانیان پێ بوو هاتنە ناو مەرزی باشماخ، بەپێی رێوشوێنەكان پێویستە نموونەیان لێ وەربگرێت بۆ پشكنین.

زیاتر گوتی، لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا و بە دوو قۆناغ 43 تەنكەری هەڵگری گازوایلی ئێرانی هاتوونەتە باشماخ كە 23 یان لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە هاوردە كرا بوو، بەڵام بەهۆی دەرنەچوون لە پشكنین، تەواوی ئەو تەنكەرانە لەرێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە كاری گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی ئێران بۆ كرا و خاوەنەكەیشی ڕووبەڕووی سزای یاسایی كرایەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە هەر ئەمڕۆ 20 تەنكەری گاز و دوای ئەنجامدانی كاری پشكنین و گرتنەبەری رێوشوێنە ئیداری و یاسایی، بەڵام لە پێناو پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و ڕێگری لە هاوردەكردنی كەرەستە و كاڵای هاوردە كراوی خراپ و نەشیاو هەر 20 تەنكەری گازە ئێرانەیەكە دەركەوت، نەگونجاوە و بڕیاردرا بە گەڕانەوەی سەرجەم تانكەرەكان.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەمەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و پێنجوێن بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لێ ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم