گویل و داوودئۆغڵۆ كۆتایی بە خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان دێنن؟

:: PM:09:36:24/04/2018 ‌
عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا و ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە لە 23ی ئەم مانگە، واتە دوێنێ لە ئەنكەرە كۆ بووەنەوە، لەو كاتەی تا دێت قسەوباس لەبارەی ئەگەری هاتنی گویل، خاوەن جەماوەرێكی گەورە، بۆ ناو كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا وەك ركابەری ئەرۆدغان زیاتر دەبێت.

بەپێی هەردوو رۆژنامەی "خەبەر تورك" و "حوریەت"ی توركیا ئەو كۆبوونەوە كە بە لە 61 رۆژ لە وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە هات و بڕیارە لە 24ی حوزەیرانی داهاتوو بێتە سازكردن، سعاتێك بەردەوام بووە و بەپێی سەرچاوەكان ئەو دوو كەسایەتییە دوای وازهێنانیان لە پۆستە فەرمییەكانیان لە حكوومەت لە پێوەندی بەردەوام دابوون، بەڵام وادەی كۆبوونەوەكەیان لە 23ی نیسان جێی تێبینییە. 

لای خۆیەوە رۆژنامەی "ئەحوال"ی توركیایی دەڵێت، تیمیل كەرەموڵائۆغڵو سەركردەی پارتی سەعادەت هەوڵ دەدات بۆ رازیكردنی گویل بە قبووڵكردنی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، لەو كاتەی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بەدوای كاندیدێكی بەهێزدا دەگەڕێن كە بتوانێت بەڕەكە لەژێر پێی ئەردۆغان بێنێتە دەرەوە.  

رۆژنامەكە لە دۆغان ئاكین، سەرنووسەری ماڵپەڕی "تی 24"ی توركی گواستەوە كە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو پێیانی راگەیاندووە كە پەرەسەندنی گەورە بەڕێگاوەیە بەتایبەتی لەبارەی ئەگەری خۆكاندیدكردنی گویل.  

زیاتر گوتی، هەلی كاندیدبوونی عەبدوڵا گویل وەك كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی توركیا قەت وەك ئەمڕۆ گەورە نەبووە و كەسانێكی نزیك لەو بابەتە كە لەو بارەوە گفتوگۆ دەكەن دەڵێن، پارتی گەلی كۆماری گڵۆپی سەوز بۆ گویل هەڵدەكات ئەگەر توانی لەگەڵ لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن بگات بە رێككەوتن كە ئەوەش هەنگاوێكی گەورەیە.

گویل دامەزرێنەری كردەنی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیایە و خاوەن پێگەیەكی گەورەی جەماوەرییە لەناو پارتەكە و لە دەرەوەشی و ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بۆ توركیا بە سەردەمێكی هاوسەنگ و بێلایەنی و پێوەندی لەگەڵ هەموو رەوتە سیاسییەكان هەبووە. لەو كاتەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەرۆدغان زۆر گومانی تیادایە، ئەوەش لە دوای هاورێیەتییەك كە ئەردۆغان لەو رێگەوە توانی خۆی لە رووی سیاسییەوە پێبگەیەنێت. 

ناكۆكییەكانی نێوان گویل و ئەردۆغان گەیشتە ئاڵۆزییەكی هەست پێكراو بەتایبەتی ئەوكاتەی گویل نەیاری پڕۆژە بڕیارێكی كرد كە ئەردۆغان پێشنیازی كرد بە پێدانی پارێزبەندیی بە ژمارەیەك هاووڵاتی كە لەكاتی كودەتا نووچخواردووەكەی یۆلیۆی 2016ی توركیا كاری توندوتیژیان ئەنجام دابوو.

لەلایەكی تر چاودێران پێیان وایە كە ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشتری توركیا كە وەك ئەندازیاری پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا سەیر دەكرا تا كاتی دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی ئەو پارتە لە 2016، پێوەندییەكی باشی نییە لەگەڵ ئەردۆغان كە نیگەران بوو لە زیادبوونی كەسایەتییەكەی ئەو كاتەی سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو.

بەهۆی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ ئەردۆغان كە خواستی فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی هەبوو، داوودئۆغڵو داوای كۆنگرەیەكی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدانی لە پێنجی مایۆی 2016 كرد و تیایدا لە سەرۆكایەتیی حكوومەت و حزبەكە دەست لەكار كێشایەوە.

چاودێران پێیان وایە كە بەراگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەردۆغان پەنای بۆ بژارەیەكی كاریگەر بردووە لەناو ژمارەیەك بژارە كە لەبەردەم بوون بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجەكەی بە دامەزراندنی سیستەمێكی فەرمانڕەوایی سەرۆكایەتی خاوەن دەسەڵاتێكی فرەوان. بەڵام تەنیا بە باسكردنی هاتنی گویل بۆ ناو كێبەركێی هەڵبژاردن و بە پاڵپشتییەكی گریمانكراوی داودئۆغلو، دەبێتە هۆیەكی باش بۆ نیگەرانبوون لە بازنەی دەوری سەرۆكی ئێستەی توركیا. چونكە گویل خاوەن بنكەیەكی گەورەی جەماوەرییە لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان و كاندیدبوونیشی مانای دابەشبوونی ئەو پارتەیە، ئەوەش هەڕەشەیەكی راستەقینەیە بۆ خواستەكانی ئەردۆغان.

لای خۆیەوە حلمی داشمیر، سەرۆكی كۆمپانیای (ئۆپتیمار) بۆ راپرسی لە توركیا لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا پێشبینی كرد كە لەگەڵ خۆكاندیدكردنی عەبدوڵا گویل بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، نزیكەی 50 پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا پێوەندی بە ریزەكانی پارتی سەعادەت دەكەن.

داشمیر لە میانی پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی "نەبز توركیا" لە كەناڵی "خەبەر تورك تی ڤی" زیاتر گوتی، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی فەرمانڕەوا لەگەڵ خۆكاندیدكردنی گویل دەست لەو پارتە دەكێشنەوە و دەچنە ریزەكانی پارتی سەعادەت كە پاڵپشتیی لە گویل دەكات.

ئەو چاودێرە رای گەیاند كە ئەو قسانەی پشت بە چەند سەرچاوەیەك لەناو پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەواوە دەبەستن، لای خۆیەوە بورهان كۆزۆ، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر ئیستەنبووڵ گوتی كە ئەو قسانە سەرانسەری درۆیە، لەو كاتەی داشمیر دوپاتی كردەوە كە هەروەها ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری بەرهەڵستكاریش رەنگە بێنە ناو پارتی سەعادەت و پاڵپشتی لە گویل بكەن بۆ سەرۆكایەتیی توركیا.  

سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل