دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و ئیمانوێل، هاوتا فڕەنساییەكەی ئەمڕۆ سێشەم لەسەر فرەوانكردنی رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران رێككەوتن بەشێوەیەك پێویستە رێككەوتننەكە دەستوەردانی ئێران لە چەند دەوڵەتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەپاڵ پڕۆگرامە مووشەكییەكەی بگرێتەوە.
هەردوو سەرۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی دوای كۆبوونەوەیان، ترەمپ رێككەوتننی ئەتۆمی ئێرانی لەگەڵ شەش هێزە گەورەكەی دنیای بە "كارەساتاوی" و "ناماقووڵ" و "بێ مانا" وەسف كرد و ئاماژەی كرد كە رێككەوتننەكە مامەڵەی لەگەڵ مووشەكە باڵیستییەكان و دەستوەردانی ئێران لە ململانێی ناوچەكە وەك لە یەمەن و سووریا نەكردووە.
ترەمپ زیاتر گوتی، بەپێی رێككەوتننی ئەتۆمی بڕی 150 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بە ئێران درا، جگە لە دوو ملیار دۆلاری كاش، بەڵام پێویست بوو رێككەوتننێكیان بكردایە كە یەمەن و سووریا و ناوچەی تری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرتایەتەوە كە ئێران دەستیان تێدا وەردەدات، بەڵام ئەوەیان نەكرد.
لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكی فڕەنسا ئاماژەی كرد كە چوار پرس هەن پێویستە رووبەڕووی ببینەوە لەوانە هەر چالاكییەكی ئەتۆمی ئێران تا ساڵی 2025 و كۆتاهێنان بە چالاكیی مووشەكی بالیستی ئێران و دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ گرتنەخۆی ئێران لە ناوچەكە.
زیاتر گوتی، دەتوانم ئەوە بڵێم كە ئێمە هەردووكمان گفتوگۆیەكی راشكاوانەمان لەو بارەوە كرد و خوازیارین لە ئێستاوە كار بۆ رێككەوتننێكی نوێ لەگەڵ ئێران بكەین كە ئەوەش تاكە رێگەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری.