ئیسرائیل هەڕەشەی لەناوبردنی ئەسەد دەكات

:: PM:11:17:24/04/2018 ‌

لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و لەناو هەوڵی هەریەكەیان بۆ دیاریكردنی هێلە سوورەكانیان لە بەرانبەر یەكتر لە سووریا، وەزیرێكی ئیسرائیلی وریایی دا لەوەی ئەگەر سووریا رێگە بە ئێران بدات كە لەسەر خاكەكەی هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەوە ژیانی بەشار ئەسەد دەكەوێتە مەترسییەوە.

یوفال شتاینتز، وەزیری وزەی ئیسرئیل لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە ماڵپەڕی "وانیت" دەڵێت، ئەگەر بەشار ئەسەد رێگە بە ئێران یان هەر لایەنێكی تر بدات بە راگەیاندنی جەنگ لەدژی ئیسرائیل لە سەر خاكی سووریا، ئەوە خۆی بەرپرسیارەتییەكە دەگرێتە ئەستۆ و باجەكە دەدات.

ئاماژەی كرد كە لای ئێمە نییە ئەگەر ئەسەد رێگە بە هێرش بدات بۆ سەر ئیسرائیل خۆی و رژێمەكەی بمێنن، بەڵكو ژیانی خۆی و مانەوەی رژێمەكەشی دەكەونە ژێر هەڕەشە.

پەرەسەندی دۆخی ئاڵۆزی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە دوای هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆكەخانەی تەیفووری سەربازی لە پارێزگای حمس لە ناوەڕاستی سووریا لە م مانگە رووی دا كە بووە هۆی كوژرانی حەوت سەربازی ئێران، ئەو كارەی ئێرانی توڕە كرد و بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا، لەو كاتەی ئیسرائیل بوونی هێزەكانی ئێران لە سووریا بە گەورەترین هەشەڕە بۆ سەر خۆی دەزانێت و پاڵپەستۆ لە رووسیا و ئەمەریكا دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە. 

سەرچاوە/ ئەلعەرەب





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل