نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد

:: AM:09:12:25/04/2018 ‌

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی كۆگاكانی ئەمەریكا و پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەم گەیشتە بەرزترین نرخی لە ماوەی سێ ساڵ و پێنج مانگی رابردوودا.

لە هەفتەی رابردوودا بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیل زیادی كرد  و گەیشتە 429 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل.

بەگوێرەی dailyfx سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت تا 75 دۆلار و 50 سەنت بەرز بووەوە، بەڵام لە دوینێ ئێوارەوە رووی لە دابەزین كردووە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 73 دۆلار و 73 سەنت دەفرۆشرێت.

بڕیارە تا 12ی  ئایار/مایۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشانەوە یان بەردەوامی رێككەوتنی ناوكیی لەگەڵ ئێران بدات و بازاڕیش لە ژێر كاریگەری ئەم دۆخە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا هەر بۆ ئەو مەبەستە چووەتە ئەمەریكا و دەیانەوێت مكانیزمێك بۆ چارەسەری كێشەی ناوكیی بدۆزنەوە. فڕەنسا پێی باش نییە ترەمپ لەو رێككەوتنە بكشێتەوە.

ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017ەش رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتایی سالی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووری ئەو وڵاتانە دانا.

لەو ماوەیەدا سەرەرای ئەوەی كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەڵام وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بۆ جاری سێیەم باس لە درێژكردنەوەی رێككەوتنەكانیان دەكەن. ئەوان هەینی رابردوو لە كۆبوونەوەیاندا بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بازاڕی نەوت هەبوو. ئەلكساندر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسیا ئاماژەی بەوە كردبوو كە لەوانەیە پێویست نەكات رێككەوتنەكەیان بۆ سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت و دەكرێت تەنیا ئەمساڵ كاری پێ بكرێت. 

وڵاتی تر هەبوو چاوی لەوە بوو نرخی نەوت تا دەگاتە 100 دۆلار، پلانەكەیان درێژەی هەبێت و وڵاتی واش هەبوو پێداگری لەوە دەكرد نەوت لە نرخێك جێگیر بكرێت باشترە لەوەی بەم شێوەیە بەرز بكرێتەوە، چونكە لە داهاتوودا زیان بە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێك دەگات. ئاخر ئەمەریكا لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەرەی زیاتر بە نەوتی لیتەیی دەدات و جڵەوی بازاڕی نەوت بەدەستەوە دەگرێت.




وشە - سلێمان تاشان