سەرچاوەكان ئاشكرایان كرد، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دەروازەی شارەدێی گوڵاڵەوە لە دوو لاوە دەستیان بە هاوەنباران و ئاڕ بی جی وەشاندن كردووە و شەڕی سەختیان كردووە.
رائید سمكۆ عەلی بەڕێوەبەری ئاسایشی شارەدێی كوڵەجۆی نێوان كەلار و جەلەولا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق لە بازگەی حوسێنییەی دەروازەی جەلەولا، پێش هێرشەكە بە چڕی هاوەنبارانی ناوچەكەیان كرد و ئینجا بە ئاڕ بی جی و بی كەی سی دەستیان بە هێرشكردن كرد.
زیاتر گوتی، دواتر هەندێ لە چەكدارانی داعش لە ناوچەی شێخ باوە دەركەوتن كە دەكەوێتە نێوان كەلار و جەلەولا و هێرشیان كردووە، بە تاكتیكێكی جیاواز و جێگۆڕكێ هێرشەكەیان كرد، سوپای عێراق و هێزەكان بە چڕی وەڵامیان دانەوە، بۆیە نەزانراوە كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی داعش كەوتووەتەوە یان زیانەكانیان چی بوون.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی جەلەولا بۆ "وشە" گوتی، داعشەكان ئەوانە بوون كە سەر بە هۆزی كەرەوی عەرەبی سوننەن، ئەوان تەنیا سوپای عێراقیان كردووەتە ئامانج و یەك فیشەكیشیان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی نەناوە، ئەوان بە عەرەبی قسەیان كردووە و بە وردی شارەزای ناوچەكەن، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاسان نییە و زۆر بە باشی ناوچەكە شارەزان.
گەرمیان/سەبری هۆرینی.