ڤیدیۆ.. پێش یارییەكەی لێڤەرپوول و رۆما چی روویدابوو؟

:: AM:09:48:25/04/2018 ‌

بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان هەردوو یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و رۆمای ئیتاڵی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، هاندەرانی هەردوو یانەكە لەبەردەم یاریگەی ئەنفێڵد تووشی پێكدادان ببوونەوە و بەهۆیەوە هاندەرێكی یانەی مێواندار بەر چەقۆ درابوو.

شەوی رابردوو یانەی لێڤەرپوول لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مێوانداری یانەی رۆمای كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لێ بردەوە.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: هاندەرانی هەردوو یانەكە لەنزیك یاریگەی ئەنفێڵد تووشی پێكدادان ببوونەوە و بەهۆیەوە هاندەرێكی یانەی لێڤەرپوول بە چەقۆ بەشێوەیەكی سەخت بریندار ببوو.

پۆلیسی ئینگلیزی داوای لە هاندەران كرد هەر كەسێك ڤیدیۆی كاتی رووداوەكەی هەیە بۆیان بنێرێ تا لە رێگەیەوە كەسی تاوانبار و چەقۆ وەشێن دیاری بكەن و سزای بدەن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە بریندارەكە چەقۆی بە شوێنێكی هەستیار كەوتووە و باری تەندروستی باش نییە.

جێی باسە بڕیارە رۆژی چوارشەمی هەفتەی داهاتوو هەردوو یانەكە دووبارە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، بەڵام ئەمجارە لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیكۆ لە شاری رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م