له لایه‌ن موزیكژه‌نێكی كورده‌وه، ئاماده‌كاری بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبێك ده‌كرێت كه پێك هاتووه له كۆكردنه‌وه‌ی حه‌یران و موزیكی كوردی، به‌مه‌ش ئه‌و هونه‌ره بۆ هه‌میشه به زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه.
"عومه‌ر عه‌بدوڵا" هونه‌رمه‌ند و موزیكژه‌نی كورد و دامه‌زرێنه‌ری كتێبی "حه‌یران له موزیك دانانی كوردی هاوچه‌رخدا"یه، له 186 لاپه‌ڕه پێك هاتووه، توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییه و ڕه‌نجی چوار ساڵی خوێندنی زانكۆی ناوبراو بووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس.
ئه‌م كتێبه كتێبێكی زانستییه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی باس له پێكهاته‌ی دانانی موزیكی كوردی به شێوه‌ی هاوچه‌رخ ده‌كات، له داڕشتنه‌وه‌ی كاره‌كاندا 23 میلۆدی كوردی ناوچه جیایاكانی كوردستانی گه‌وره‌ی له‌خۆ گرتووه، پڕه له ئه‌زموون بۆ سوودوه‌رگرتن له موزیكی كلاسیك و مۆدێرن و هاوچه‌رخ.
له‌مباره‌یه‌وه عومه‌ر عه‌بدوڵا ئاماده‌كاری ئه‌و به‌رهه‌مه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "د. عه‌بدوڵا جه‌مال هانده‌رم بووه له ئاماده‌كردنی كتێبه‌كه‌دا، په‌یمانگای كه‌له‌پووری كورد ئه‌ركی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه، بۆیه كارێكی ناوازه‌ی لێ ده‌رچووه، منیش هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌رجاره و پارچه‌یه‌كی لێ بڵاو بكه‌مه‌وه".
ئه‌م كتێبه به كوردییه‌كی ڕه‌وان و پاك نووسراوه كه گرنگی به هه‌موو ورده‌كاری ڕێنووس و خاڵبه‌ندی تێیدا دراوه، یه‌كه‌م جاریشه كتێبێك به‌شێوه‌ی نۆته حه‌یران و لاوك بخاته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
وشه/ شاخه‌وان شێخانی