ریزبەندی ئازادی رۆژنامەنووسی لە وڵاتانی دنیا راگەیەنرا

:: AM:10:13:25/04/2018 ‌

رێكخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە دنیا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئازادیی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران، خەریكە زیاتر لە جاران سنووردار دەكرێت. لە ریزبەندییەكەدا ناوی ١٨٠ وڵاتی دنیا ئاماژەی پێ كراوە  عێراق لە ریزی 160 و ئێرانیش لە ریزی 164دایە.

باشترین وڵاتان بۆ ئازادی رۆژنامەنووسی كە لە لیستەكەدا ناویان هاتووە، هەریەك لە نەرویج، سوید و هۆڵنەدان. خراپترین وڵاتیش كە پلەی 180ی پێ دراوە كۆریای باكورە، لە دوای ئەو وڵاتەش هەریەك لە ئیرتیریا و توركمانستان ناویان هاتووە.

ساڵی رابردوو ئێران پلەی 165ی هەبووە و رێخراوەكەش نووسیویەتی ئەگەر ئێران لەو رووەوە دڵی خۆش بێت لەوەی پلەیەك دۆخی باشتر بووە، ئەوا نیشانەی ئەوە نییە ئازادی رۆژنامەنووسی لە ئێران هەنگاوێك باشتر بووە، بەڵكو ئەوا وڵاتانی ترن كە دۆخیان لە جاران زۆر خراپتر بووە.

تەنیا لە چوار مانگی رابردوودا سەرووی 70 رۆژنامەنووس و هەواڵنێر لە ئێران گیراون. سووریا لە پلەی 177 و یەمەنیش لە پلەی 167دایە. دۆخی ئازادی رۆژنامەنووسی لە سعوودیە تەنانەت لە هی ئێران و عێراقیش خراپترە و لە ریزی 169 ئاماژە بە ناوەكەی كراوە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی لە پلەی 128دایە.

سەرچاوە/رادیۆ فەردا



وشە - سلێمان تاشان