بواتینگ: زەحمەتە ئەمشەو بتوانم رۆناڵدۆ رابگرم
گیرۆم بواتینگی بەرگریكاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ستایشی ئاستی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كرد بەر لە یارییەكەی ئەمشەویان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بایرن میونشن لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا مێوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات.
بواتینگ لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رۆناڵدۆ یاریزانێكە جێگەی سەرسڕمانە بەتایبەتیش لە تۆپە بەرزەكاندا، تاڕادەیەك دەتوانم بڵێم هیچ خاڵێكی لاوازی نییە، بۆیە بەتەنیا ناتوانم ئەو ئەستێرەیە لەنێو یاریگە رابگرم، بەڵام بە كۆمەڵەیی سەرجەم یاریزانانی بایرن میونشن دەتوانین ئەم كارە بكەین.
زیاتر گوتی: ژمارەكانی رۆناڵدۆ ئەوەمان پێ دەڵێن كە راگرتنی ئەو ئەستێرەیە ئەستەمە، تەنیا ئەو كاتە دەتوانی بیبینی كە گۆڵ تۆمار دەكات و درێسەكەی لەبەر دەكاتەوە و ئاهەنگی تۆماركردنی گۆڵەكە دەگێڕێ.
لەبارەی یانەی ریال مەدرید بەگشتی، بواتینگ رایگەیاند: ریال مەدرید یانەیەكی تا بڵێی بەهێزە و یاریزانی بەهێز و توانایان هەیە، لە راستیدا ئەوان دووساڵە بە بەخست نەبوونەتە پاڵەوانی ئەوروپا بەڵكو بە هێز و توانا و ئاستبەرزییەوە ئەم كارەیان كردووە.
یانەی بایرن میونشن پارساڵ لەسەر دەستی یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرایە دەرەوە، لەمبارەیەوە بەرگریكارەكەی یانەی بایرن میونشن رایگەیاند: شكستەكەی ساڵی رابردوومان لەبیر كردووە و ئێستاش هەلێكی گەورەمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی مێژوویەكی گەورە بنووسینەوە و هەمووشیمان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە تێ دەكۆشین.
جێی باسە هەفتەی داهاتوو یانەی بایرن میونشن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە مێوانی یانەی ریال مەدرید.
وشە -
ئامانج ئهكرهم