رۆناڵدۆ لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یەكەمی بێ ركابەرە

:: AM:10:41:25/04/2018 ‌

بەگوێرەی تۆژینەوەیەك دەركەوتووە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەرووی تۆماركردنی گۆڵ و خەرجكردنی هێز و تواناوە یەكەمی بێ ركابەرە.

رۆناڵدۆ تا ئێستا گۆڵكاری ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە بە تۆماركردنی 15 گۆڵ و بەجیاوازییەكی زۆر لە پێشەوەی هەردوو ئەستێرەی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی محەمەد سەڵاح و رۆبێرتۆ فێرمینۆیە كە هەریەكەو 10 گۆڵیان هەیە، هەروەها ویسام بن یدەری ئەستێرەی فڕەنسی لە یانەی سڤیلییەی ئیسپانیش 8 گۆڵی هەیە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی تۆژینەوەیەكی ئەنجامداوە و تێیدا دەری خستووە كە رۆناڵدۆ جگە لە تۆماركردنی گۆڵ، هەروەها لە رووی خەرجكردنی هێز و تواناشەوە هەر لە ریزی یەكەمی یاریزانانی یانەی ریال مەدریدەوەیە كە تا ئێستا 92.1 كیلۆمەتر رایكردووە، دوای ئەویش كاسیمێرۆی بەڕازیلی دێت كە تا ئێستا 89.7 كیلۆمەتر رایكردووە.

جێی باسە رۆناڵدۆ ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ هاوڕێكانی لە یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا دەبێتە مێوانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م