بەرپرسێكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاشكرای كرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گرووپێكی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی حەویجەی باشووری ڕۆژئاوای مووسڵ، لە ئەنجامی هێرشەكەیش سەركردەیەكی حەشدی شەعبی كوژرا و پێنجی تریش بریندار بوون.
وەسفی عاسی سەرپەرشتیاری هێزەكانی سەرایای ڕزگاری حەویجە لە لێدوانێكدا گوتی، هێرشی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی بۆ سەر هێزەكانی ئێمە بووە، بە دیاریكراوی هێرشەكە لە گوندی نەوافلی سەر بە شارەدێی ڕەشادی شارۆكەی حەویجەی باشووری ڕۆژئاوای كەركووك ئەنجام دراوە.
زیاتر گوتی، لە ئەنجامی هێرشەكە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی بە ناوی ئوسامە ئەبو شوارب و پێنج چەكداری تریش بریندار بوون.
تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆكەی حەویجە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بە فرەوانی دەستیان بە چالاكی و جموجۆڵ كردووە و زیانی زۆریان بە هێزەكانی حەشدی شەعبی گەیاندووە، لە ماوەی پێشوویش لە هێرشێكدا 28 چەكداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبییان كوشت.
حەویجە دەكەوێتە نزیكەی 60 كیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای كەركووك، لە ساڵی 2014 تیرۆریستان داگیریان كرد، ڕۆژی 23ی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2017 لەلایەن هێزەكانی عێراق ئازاد كرایەوە، ئێستەیش زۆربەی شانە نوستووەكانی داعش تێیدا جێگیر بوون و ماوەماوە كردەی تیرۆریستی لێ ئەنجام دەدەن.