یانەی رۆما هۆكاری فرۆشتنی محەمەد سەڵاحی ئاشكرا كرد

:: AM:11:12:25/04/2018 ‌

بەڕێوەبەری یانەی رۆما دواجار هۆكاری فرۆشتنی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی بۆ یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی لە وەرزی رابردوو ئاشكرا كرد.

رامۆن رۆدریگیز (مونشی) بەڕێوەبەری یانەی رۆما لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: بەهۆی یاساكانی یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ناچار كرابووین بەر لە هاتنی 30ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو محەمەد سەڵاح بفرۆشین، بۆیە هیچ بژاردەیەكی ترمان لەبەردەمدا نەبوو.

زیاتر گوتی: جگە لە مەرجی فیفا، محەمەد سەڵاح خۆی ئارەزووی رۆیشتن و جێهێشتنی یانەی رۆمای دەكرد، بۆیە ناچاربووین وەرزی رابردوو ئەو ئەستێرەیە بە بەهای 42 ملیۆن یۆرۆ بدەین بە یانەی لێڤەرپوول.

سەڵاح دوێنێ سێشەم لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول بەرامبەر یانەكەی پێشووی رۆما پێشكەش كرد و 2 گۆڵی تۆمار كرد و 2 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی رۆبێرتۆ فێرمینۆ و سایدۆ مانی دروست كرد، لەو یارییەدا یانەكەی بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا.

سەڵاح كە ئێستا گۆڵكاری خولی نایابی ئینگلیزییە بە تۆماركردنی 31 گۆڵ، هەر لەم هەفتەیەدا خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەكەی لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە پێدرا بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یەكەم وەرزی یاریكردنیدا لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول پێشكەشی كردبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م