دوو فڕۆكە هێرش دەكەنە سەر بنكەی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا

:: AM:11:13:25/04/2018 ‌

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشكرای كرد، هێزی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەكەی لە بنكەی سەربازی حەمیمیمی سووریا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان خستووەتە خوارەوە، لەوكاتەی هەوڵی داوە لە بنكە سەربازییەكە نزیك ببێتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەك لەسەر ناسنامەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانە نەدۆزراوەتەوە.

میدیاكانی ڕووسیا بڵاویان كردەوە، جیا لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانە، فڕۆكەی تر بە مووشەك لە نزیك فڕۆكەخانەی حەمیمیمی سەربازی چەند هێرشێكیان ئەنجام داوە، بەڵام لە ئاسماندا تێكشێنراون و هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوە.

لەلایەكی ترەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ناوچەی بنكەی سەربازی حەمیمیم و فڕۆكەخانەی ناوچەكە نزیك بوونەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەكانیشیان هیچ زانیارییەكی نەزانراوە كە زیانەكانی چین و ئەو فڕۆكانە هی كام وڵات بوون.

پێشتریش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نەناسراو لە ئاسمانی بنكەی سەربازی حەمیمیم نزیك بوونەتەوە، جارێكیان هی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووە و یەكێكی تریش هی توركیا بووە، سەرجەمیان لەلایەن بەرگری ئاسمانی ڕووسیا كەوتوونەتە خوارەوە.

بنكەی سەربازی حەمیمیم گەورەترین فڕۆكەخانەی سەربازی لێیە و دەكەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، زۆرینەی ڕەهای هێزەكانی ڕووسیا لەو بنكە سەربازییە بڵاو بوونەتەوە و فڕۆكەی پێشكەوتوو و سیستەمی دژە مووشەك و كەشتییە جەنگییەكانی ڕووسیا لە كەناراوەكانی ئەو سەربازگەیە لەنگەریان گرتووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د