ئه‌گه‌رچى ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه ئه‌مجاره كورد هه‌وڵ ده‌دات له جیاتى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، داواى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بكات، به‌ڵام لایه‌نه كوردییه‌كان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار قسه‌یان هه‌یه، یه‌كێتى به هى خۆى ده‌زانێت و لایه‌نه‌كانى تریش ده‌ڵێن "ئه‌و پۆسته پێوه‌سته به‌و ڕێككه‌وتنه‌كانه‌وه كه له‌سه‌ر پۆسته‌كانى كوردستان ده‌كرێن".
له سێ خولى ڕابردووى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد بووه و له ناویشیاندا له هه‌رسێ خوله‌كه‌دا به‌ر یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه‌وتووه، دوو خولیان جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێر كۆچكردووى یه‌كێتى له‌و پۆسته‌دا بووه و خولى سێیه‌میش فوئاد مه‌عسووم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتی، له‌و سۆنگه‌یه‌وه یه‌كێتى بۆ خولى چواریش ئه‌و پۆسته به مافى كورد و له ناویشیدا به هى خۆی ده‌زانێت، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی به‌راورد به 2005 نیوه زیاتر دابه‌زیوه. به‌ڵام لایه‌نه‌كانى تریش قسه‌ى تریان له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه.
سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، پۆستى سه‌رۆك كۆمار پشكى كورده و له‌ناو كوردیشدا به‌پێى ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیجیى نێوان پارتى و یه‌كێتى، ئه‌و پۆسته به‌رانبه‌ر به پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمه، بۆیه ئه‌مجاره‌ش ئه‌و پۆسته هى یه‌كێتى ده‌بێت.
یه‌كێتى و پارتى ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیجییان له نێواندایه و به‌پێى ئه‌و ڕێككه‌وتنه پۆسته‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له نێوان ئه‌و دوو هێزه‌دا دابه‌ش كراون، به‌ڵام له ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا و به‌تایبه‌ت دواى نه‌خۆشكه‌وتن و مردنى تاڵه‌بانى، جێبه‌جێكردنى ئه‌و ڕێككه‌وتنه كه‌لێنى تێكه‌وتووه. ته‌نانه‌ت له زۆر روویشه‌وه ناكۆكی قووڵ كه‌وتووه‌ته نێوان ئه‌و دوو حزبه و له 16ی ئۆكتۆبه‌ر و خیانه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌ركووكدا، ناكۆكییه‌كه گه‌یشت به لووتكه.
گه‌رمیانى گوتی، "ئه‌گه‌ر كێشه له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار دروست بێت و پارتى و لایه‌نه‌كانى تر داواى بكه‌ن، به‌لاى یه‌كێتییه‌وه ئاسایییه، ئه‌وكاته یه‌كێتیش له هه‌رێم داواى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م پۆسته‌كانى كوردستان ده‌كاته‌وه".
بۆچوونێك هه‌یه پێى وایه كورد له حكوومه‌تى داهاتووى عێراقدا داواى پۆستى سه‌رۆك په‌رله‌مان بكات له جیاتى سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ناكارایى و بێده‌سه‌ڵاتى پۆستى سه‌رۆك كۆماره‌وه.
كاوه محه‌مه‌د ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و په‌رله‌مانتارى گۆڕان له عێراق به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، گرنگه ئه‌مجاره كورد داواى پۆستى په‌رله‌مان بكات و پۆستى سه‌رۆكى كۆمار وه‌رنه‌گرێته‌وه.
"ئه‌وه‌ى مام جه‌لال ده‌یكرد له پۆستى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار پێوه‌ندى به پۆسته‌كه‌وه نه‌بوو، پێوه‌ندیى به كه‌سایه‌تیى خۆیه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام چوار ساڵى ڕابردوو ده‌ركه‌وت سه‌رۆك كۆمار ته‌نانه‌ت تواناى ڤیتۆكردنى یاسایه‌كیشى نییه." كاوه محه‌مه‌د واى گوت.
له‌باره‌ی بوونى كاندیدى گۆڕان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، كاوه گوتى "هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه‌یه و بۆ نا؟ له‌وانه‌یه كاندیدمان هه‌بێت، هه‌رچه‌نده ڕێككه‌وتنه‌كانى كوردستان پۆسته‌كانى به‌غدا زیاتر یه‌كلا ده‌كاته‌وه."
له دوای ڕووخانى ڕژیمى پێشووى عێراقه‌وه كورد له هه‌موو خوله‌كانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى عێراقدا به‌شداریى كردووه و ئه‌م خوله‌یش سه‌ره‌ڕاى بوونى ناكۆكى و ئاڵۆزى زۆر له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام هێشتا هێزه كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت به به‌هێزیى بچنه په‌رله‌مانى عێراق.
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له سلێمانی، ئاماژه‌ی به‌وه دا وه‌ك پارتى پۆسته‌كانى به‌غدایان هێنده به‌لاوه گرنگ نییه، هێنده‌ى مه‌به‌ستیانه كورد به یه‌ك هێز و یه‌ك ئایدیاوه له به‌غدا به یه‌ك تیم كار بكه‌ن.
ئه‌و بۆ "وشه" گوتى، "ڕاسته ئێمه ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیجیمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند ساڵه كه‌لێنى تێكه‌وتووه، پرسى سه‌رۆكى هه‌رێمیش هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌كرێت و هه‌ر لایه‌نێك به یه‌كێتیشه‌وه ده‌توانن كاندیدیان هه‌بێت".
هه‌رچى لایه‌نه‌كانى تریشن باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پێویسته كورد شه‌ڕى به‌ده‌ستهێنانى ماف بكات له به‌غدا نه‌ك له‌ناو خۆیدا شه‌ڕى پۆسته‌كانى به‌غدا بكات و هیچیشمان پێ نه‌كرێت.
موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كگرتوو و په‌رله‌مانتارى عێراق به"وشه"ـى راگه‌یاند، "كێشه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه به‌ر له ناسین و زانین و هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانمان، جارێ شه‌ڕى پۆستى كارتۆنی ده‌كه‌ین و خه‌ریكى ئه‌وه‌ین كام هێز له كام هێز زیاتر پۆست وه‌ربگرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "كێشه‌كه ئه‌وه نییه ئه‌و پۆسته لاى كێ ده‌بێت، كێشه ئه‌وه‌یه ده‌بێت كورد ئه‌و پۆسته‌ى به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تى به‌راوردى بكات به‌و كێشه‌یه‌ى له عێراقدا هه‌یه‌تى، ئه‌گه‌ر سوود به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى مافه‌كانى نه‌گه‌یه‌نێت، بۆچى باشه؟".
ساڵی 2005 كه رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی كرا بۆ راسته‌ڕێكردنی كوردستان، پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك كۆماری عێراقیش بۆ تاڵه‌بانی یه‌كلا كرانه‌وه، به‌ڵام له چوار ساڵی داهاتوودا سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به هه‌ڵبژاردن بوو، بارزانی 70%ی ده‌نگه‌كانی هێنایه‌وه، به‌ڵام یه‌كێتی به‌راورد به ئێسته ده‌نگه‌كانی بۆ زیاتر له نیوه دابه‌زیوه.