هەڵوێستی شیعە و سوننە لەسەر وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن كوردەوە

:: AM:11:53:25/04/2018 ‌


لایەنە سیاسییەكان بەدووری نازانن لەم هەڵبژاردنەدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری روو بدات، دیارترینیان ئاڵوگۆڕی هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك پەرلەمان لەنێوان كورد و سوننە، هەرچی پۆستی سەرۆك وەزیرانە بۆ شیعە یەكلا بووەتەوە.

ورووژاندنی پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆك كۆمار بە سەرۆك پەرلەمان لە كاتێكدا دێت كە كورد لەم خولەدا زۆر نیگەران بوو لە تواناكانی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆمار كە جێی جەلال تاڵەبانیی گرتەوە.

دوای 2003، یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق غازی عەجیل یاوەر بوو، بەڵام لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005دا جەلال تاڵەبانی لە پشكی كورد وەك یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق دەستنیشان كرا، لە خولی دووەمیش پۆستەكەی وەرگرتەوە، بەڵام بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی لە ساڵی 2012، پۆستەكەی بە بەتاڵی مایەوە تا خولی هەڵبژاردنی سێیەم كە لایەنە كوردستانییەكان فوئاد مەعسوومیان لە جێی تاڵەبانی دەستنیشان كرد.

مەعسووم لەیەكەم خولی بوون بە سەرۆك كۆمار، لە ئاستی ویستی لایەنە كوردستانییەكان نەبوو، ئەمەش پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لای هەرێمی كوردستانی هێنایە رۆژەڤ بەو پێیەی ئەو پۆستە كاریگەری زیاتری بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق نەك سەرۆك كۆمار كە دەسەڵاتەكانی زیاتر تەشریفاتین.

لە بەرانبەردا سوننەكان لە پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە كورد و تاڵەبانی زۆر ناڕازی بوون، بەوەی چۆن دەبێت كوردێك ببێتە سەرۆك كۆماری وڵاتێكی عەرەبی! بۆیە زۆر تامەزرۆی وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكەن، هەرچی پێوەند بە شیعەوە هەیە لە رووكەشدا وەها خۆیان نیشان دەدەن كە كێشەیان نییە لەم ئاڵوگۆڕییەدا.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرای دەكات كە ئاماژەكانی تێگەیشتن و رێككەوتنی نێوان كورد و عەرەب لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆك كۆمار بە پۆستی سەرۆك پەرلەمان دەركەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "عەرەب" كردووە، دەڵێ خەمیس خەنجەر سەركردەی پڕۆژەی عەرەبی كە بە لیستی قەراری عێراقی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات، دیارترین بەربژێرە بكرێتە سەرۆك كۆمار و بەرهەم ساڵحیش سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دەكات، وەك كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناوی هاتووە.
 
خەمیس خەنجەر كە پیاوێكی بازرگانە و پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ قەتەر و توركیا هەیە، لە ئوردن دادەنیشێت و بەشێكی زۆر لە كارەكانیشی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. ئەو لە بنەڕەتدا خەڵكی فەلووجەیە، لە رابردووشدا بە بەردەوام هێرشی دەكردە سەر نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر و تۆمەتباری دەكرد كە سەر بە ئێرانە، بەڵام لەدوا دەركەوتنی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا خەنجەر پاساوی بۆ هەڵەكانی مالیكی دەهێنایەوە.

دەركەوتنەكەی خەنجەر لە كاتێكدایە پێشتر سەردانی ئێرانی كردبوو، دەنگۆی ئەوەش هەیە پێوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران دروست كردووە، بۆیە بۆ بوونی بەسەرۆك كۆماری پێویستی بە پشتگیریی ئێران هەیە و روودانی ئەوەش دوور نییە.

لەسەر ئەو پرسە جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نزیك لە نووری مالیكی نایشارێتەوە كە جووڵەیەك هەیە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە كورد، لەسەر ئەمەش هێزە شیعییەكان هیچ ناڕەزایەتییەكیان نییە بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو پۆستەكە لە نێوان كورد و سوننە.

ئەو پەرلەمانتارە شیعە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەرهەم ساڵح لەناو كورددا بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك پەرلەمان، ئەگەر هاتوو رێككەوتن بكرێت لەسەر ئاڵوگۆڕەكە و دەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی سوننە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
 
ئەو ئاڵوگۆڕە لە پۆستە باڵاكان پێ ناچێت بێ رەزامەندی ئەمەریكا و ئێران بەڕێوە بچێت، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا كە هێشتا دیار نییە كێ براوە دەبێت و دەبێتە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران. ئێستە كێبەركێی گەورە لە نێوان عەبادی و مالیكیدایە، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر مالیكی براوەی هەڵبژاردن بێت یان بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا ئاسانكاری زیاتر دەكات بۆ ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكاندا لە نێوان كورد و سوننە، بەڵام پێ دەچێ پڕۆژەی ئاڵوگۆڕەكە شكست بهێنێت لەبەر ئەوەی ئەستەمە مالیكی بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەگەر خەمیس خەنجەر بكرێتە سەرۆك كۆمار، ئەوا بەدیوەكەی تردا مانای دوورخستنەوەی حەیدەر عەبادی دێت لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەو پێیەی ئەو هاوكێشەیە زیاتر لە بەرژەوەندی ئێراندایە و دەبێتە گەورەترین سەركەوتن بۆ ئێران.

ئەگەرچی سیستانی داوای كرد ئەوانە هەڵنەبژێرنەوە كە پێشتر تاقی كراونەتەوە، بەڵام رەنگدانەوەی بەسەر رەوشی سیاسی وەك پێویست دەرنەكەوتووە و وەك پێشتر لایەنەكان بەدەم بانگەوازەكەی نەچوون، بۆیە پێ دەچێ هێزی سەرمایە لەم خولەدا رۆڵێكی كاریگەر ببینێت لە یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی لایەنەكان، ئەمەش وا دەكات پرسی دابەشكردنەوەی پۆستەكان جۆرێك لە دڵنیایی تێدا بێت.

لەسەر ئەو پرسە چاودێرێكی سیاسی دەڵێ لابردنی سەلیم جبووری لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەمانای كۆتاهاتنی رۆڵی نووری مالیكی دێت لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەروەها كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و خەمیس خەنجەر وەك دوو سەركردە و كەسایەتی، بەمانای ئامادەكاری دێت بۆ خولێكی تری ململانێ كە لە بەرژەوەندی لایەنە شیعییە توندڕۆكان نابێت و بەرەیەكیش دژ بە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دروست دەبێت.

ئەو چاودێرە گوتی، "هێشتا نووری مالیكی كەسایەتییەكی سیاسیی كاریگەرە لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆ ئەم خولەش پڕۆژەی تایبەتی هەیە كە پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی كە پێ ناچێ بیرۆكەكە لای كورد و سوننە و شیعە خۆیشی قبووڵكراو بێت". زیاتر گوتی "هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەم هەڵبژاردنە دوا هەڵبژاردن بێت بۆ نووری مالیكی و كۆتاهاتنی رۆڵی ئەو بێت بەسەر پرۆسەی سیاسی".



وشە - فه‌رمان سادق