زێڕنگه‌رانی شاری سلێمانی ئاشكرای ده‌كه‌ن، ئه‌م به‌هاره بازاڕی زێڕ به جووڵه كه‌وتووه و ئه‌مه‌ش دوای زیاتر له سێ ساڵ ته‌نگژه‌ی دارایی و بێبازاڕی، به شتێكی دڵخۆشكه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت و ئاماره‌كانیش ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ساڵی 2017 به‌راورد به ساڵی 2013، هاورده‌ی زێڕ له كوردستان 90% دابه‌زیوه
مه‌ریوان ڕه‌شید زێڕنگه‌ر له ناو بازاڕی شاری سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ سست بووبوو، رۆژ هه‌بووه یه‌ك كه‌سیش مامه‌ڵه‌ی زێڕی لای ئه‌وان نه‌كردووه و هۆكاره‌كه‌ش بۆ دۆخی خراپی دارایی خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌م به‌هاره جیاواز له وه‌رزه‌كانی تر و ساڵی ڕابردووش، بازاڕ جووڵه‌ی تێكه‌وتووه، له لایه‌ك هاووڵاتییانی كورد روویان له بازاڕه‌كان كردووه و له لایه‌كی تریشه‌وه عه‌ره‌به‌كان كه به‌رده‌وام گرنگی به زێڕ ده‌ده‌ن، بوونه‌ته كڕیارێكی باشی بازاڕه‌كه.
زێڕ زیاتر له دوبه‌یه‌وه ده‌هێنرێت و به‌شێكیشی له وڵاتی توركیاوه هاورده ده‌كرێت. به‌هۆی خستنه‌سه‌ری باج له لایه‌ن دوبه‌یه‌وه، نرخی زێڕ بۆ یه‌ك گرام نزیكه‌ی یه‌ك دۆلاری چووه‌ته‌سه‌ر، ئه‌وه‌ش وایكردووه نرخی زێڕ له هه‌رێم به‌رز ببێته‌وه.
ئێسته له سلێمانی نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕی عه‌یار 21 كه بفرۆشرێته‌وه به هاووڵاتییان 265 هه‌زار دیناره، زێڕی عه‌یار 18 بۆ یه‌ك مسقاڵ 215 هه‌زار دیناره، به ڕای زێڕنگه‌ره‌كانیش، عه‌ره‌به‌كان كڕیارێكی باشی زێڕی عه‌یاره 21ن، كورده‌كانیش زیاتر زێڕی عه‌یاره 18 ده‌كڕن.
زیاتر له پێنج مانگ بوو هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی داخرابوو و هیچ زێڕێك هاورده نه‌ده‌كرا و له كوردستانیش زیڕی كۆن نه‌ده‌گه‌ڕێندرایه‌وه، ئه‌وه‌ش وای كردبوو بازاڕی زیر به ته‌واوی سست بێت.
سیامه‌ند ئه‌حمه‌دی زێڕنگه‌ر بۆ "وشه" گوتی هه‌ر كه به‌هار دێت، بازاڕی ئه‌وانیش ده‌كرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێگره له‌وه‌ی زێڕ زیاتر جووڵه‌ی تێبكه‌وێت بۆ گرانبوونی له ئاستی دنیا له لایه‌ك و باجی زیاتره كه دوبه‌ی خستوویه‌ته سه‌ر زێر.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی وایكردووه جووڵه بكه‌وێته‌وه ناو بازاڕی زێڕنگه‌ران، كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانه كه ماوه‌یه‌كی زۆر داخرابوون.
حوسێن محه‌مه‌د كه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی خه‌ریكی كڕینی زێڕ بوو، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له وه‌رزی به‌هاردا ڕوو له بازاڕی زێڕ ده‌كه‌ن، ئه‌وان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ساڵانه له وه‌رزی به‌هار زێڕ ده‌كڕن.
له لایه‌كی تره‌وه به‌كر عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنترۆڵی جۆریی هه‌رێم به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له ماوه‌ی ساڵی 2016 ئه‌و زێڕه‌ی كه له دوبه‌ی و توركیا هاتووه‌ته ناو هه‌رێم، له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه زیاتر له 33 تۆن و 400 كیلۆگرام بووه كه به‌شێكی بۆ هه‌رێم و به‌شه‌كه‌ی تر بۆ پارێزگاكانی تری عێراق چووه. به‌ڵام ساڵی 2017 ته‌نیا ئاماری دوو مانگی سه‌ره‌تا لای ئه‌وان تۆمار كراوه كه زیاتر له 11 تۆن بووه و دواتریش تۆمار نه‌كراوه و داخرانی فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌سه‌ردا هات كه نازانن چ بڕێك زێڕ له رێی تره‌وه هاورده كراوه.
له هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی هه‌زار و 200 مۆڵه‌تی زێڕنگه‌ری دراوه به هاووڵاتییان، هاوكات زیاتر له 200 وه‌رشه‌ش هه‌یه كه ئیشی زێڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به كارگه هه‌ژمار ناكرێن چونكه گه‌وره نین، توانای دروستكردنی زێڕیشیان ته‌نیا %10ه، ئه‌وه‌ش ڕێژه‌یه‌كی كه‌مه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی هاووڵاتییان.
له ماوه‌ی ساڵی 2013 له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێره‌وه زیاتر له 114 هه‌زار كیلۆ زێڕ هاتووه‌ته ناو هه‌رێمی كوردستان، دواتر له ساڵی 2014 بۆ 67 هه‌زار كیلۆ دابه‌زیوه، له ساڵی 2015 ئه‌و ڕێژه‌یه زیاتر دابه‌زیوه بۆ خوار 60 هه‌زار كیلۆگرام.
ئه‌گه‌ر ئاماری 2017 له‌گه‌ڵ ئاماری 2013 به‌راورد بكرێت، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه هاورده‌ی زێڕ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێژه‌ی 90% دابه‌زیوه كه هێمایه له پاشه‌كشه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان.
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی