پسپۆڕێكی كورد تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێرانی هەژاند و حكوومەتی هێنایە سەر خەت

:: PM:03:22:25/04/2018 ‌

پسپۆڕێكی كورد كە خەڵكی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و بڕوانامەی دكتۆرای لە ئاوی ژێرزەویدا هەیە، بۆ دابینكردنی بژێوی لە كارگەیەكی ئەهواز خەریكی گەسك لێدانە.

ئەو پسپۆڕە ناوی سەڵاحەدین كامەرانییە و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردووەتەوە، باس لە دۆخی ژیانی دەكات كە بە چ چەرمەسەرییەك زانكۆی تەواو كرد و توانی سەرجەم قۆناغەكان یەك لە دوای یەك بە سەركەوتوویی ببڕێت و بە بڕوانامەی دكتۆرا بگات، كەچی هیچ كارێكی دەست نەكەوتووە پێوەندیدار بێت بە پیشەكەی و بە ناچاری لە كارگەی پێترۆكیمیایی ئەهواز گەسك لێ دەدات.
 
ئەو لە زانكۆی خارەزمی تاران خوێندنەكەی تەواو كردووە و گلەیی لە كاربەدەستانی رژێمی ئێران دەكا كە دایاننەمەزراندووە، لە كاتێكدا ئێران پێویستی بە پسپۆڕییەكەی ئەو هەیە و دۆخی كەمئاویی لە وڵات ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت.

لە ئێران تا فارسێك یان نەتەوەیەكی باڵادەستتر لە كورد هەبێت، هەرگیز پۆستی گرنگ بە كورد نادرێت و ئەو هەڵاواردنە نەتەوەیییە وای كردووە بە سەدان دكتۆر و ماستەر لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەریكی كرێكاری بن.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە لە هەموو پارێزگای سنە تا ئێستە یەك كەس توانیویەتی لە ئاوی ژێرزەوی بڕوانامەی دكتۆرا وەربگرێت، كەچی بۆ مەبەستی كاركردن ئەو پسپۆڕە رووی لە ئەهواز كردووە و گەسك لێ دەدات.

لە ئێران كار بە كارزان نەهاتووەتە سپاردن، بۆیە ساڵ بەساڵ دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە خراپتر دەبێت و بە دەستی دەیان كێشە دەناڵێنێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیییە، ئەو پسپۆڕە سەرنجی زۆر لە میدیاكانی ئێرانی بۆ لای خۆی راكێشاوە و زۆریان هەوڵیان داوە دیمانەی لەگەڵدا ساز بكەن. یەكێك لە دیمانەكان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە و "فارسنیوز"یش دیمانەكەی بڵاو كردووەتەوە. سەڵاحەدین كامەرانی دەڵێت " دوو ساڵە ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و بە خۆشییەوە هیچ منداڵێكم نییە، چونكە ئەگەر هەمبووایە، ئەوا دۆخی ژیانم سەختتر دەبوو."

چەند ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەمەریكاوە دەرفەتێكی بۆ هاتە پێش تا لێكۆڵینەوەیەك لە بواری پسپۆڕییەكەی بكات، بەڵام بە هۆی سیاسەتەكانی ئێران ئەو دەرفەتەی لە كیس چوو و دواتر رووی لە هەر شوێنێك كرد كاریان پێ نەدا و وەڵامیان نەدایەوە. 

لە وڵامی پرسیارێك لەبارەی ئەوەی ئەگەر باری دارایییەكەی خراپە، چۆن توانیویەتی بە ئاستی بڕوانامەی دكتۆرا بگات؟ دەڵێت "من وەرزانە كاری كرێكاریم دەكرد، لە قۆناغی بكالۆریۆس كرێكار بووم لە دروستكردنی پردێك و بۆ قۆناغی ماستەرەكەشم لە یەكێك لە چێشتخانەكان كارم خزمەتكاری بوو، تەنانەت لە بیرمە كاتێك لە ئامادەیی دەمخوێند فنیلەیەكم پڕ لە مۆتە دەكرد، گوند بە گوند دەگەڕام تا بیانفرۆشم و خەرجییەكانی قوتابخانەی پێ دابین بكەم."

بەگوێرەی "فارسنیوز" ئەو دەڵێت، هیچ كارێكی شەرافەتمەندانە عەیب نییە و عەیب ئەوەیە بە بێكاری دابنیشین و هیچ داهاتێكمان نەبێت، بەڵام ئەوەی لای ئەو كێشەیە ئەوەیە زۆر زیاتر لە گەسك لێدان دەتوانێت خزمەتی وڵات بكات، بەمەرجێك رێز لە پسپۆڕی و تواناكەی بگیرێت.

ئەو باسی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێت، خۆی نموونەیەكە لەو هەزاران كەسەی توانای باشیان هەیە، بەڵام لە ناچاری روو لە كرێكاری و كۆڵبەری دەكەن، ئەو دەڵێ "منیش بەتەما بووم كاری كۆڵبەری لە سنوورەكان بكەم، بەڵام ئەو دەرفەتەشیان لە خەڵكی كوردستان ستاندەوە و گەنجەكانیان هێندەی تر بێكار كرد."

داهاتی رۆژانەی ئەو دكتۆرە بۆ گەسك لێدان هەشت هەزار تمەنە كە كەمترە لە دوو دۆلار و بە گوتەی خۆی هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە زۆر كەمە و هیچ بۆشایییەك پڕ ناكاتەوە، بەڵام لەوە باشترە هیچ داهاتێكی نەبێت.

هاوسەری ئەو دكتۆرە لە زانكۆی سنە دەخوێنێت و سەرچاوەكەش پرسیاری ئەوەی لێ دەكات ئەی چۆن كرێی خانوو و ژیان دابین دەكەن، ئەویش دەڵێت كرێی خانووەكەی بابی دەیدات كە كرێكاری شارەوانییە و هەندێك پارەی پاشەكەوتیشی هەیە كە كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووە بە كرێكاری پەیدای كردووە و ژیانی خۆی و خێزانەكەی پێ هەڵدەسووڕێنێت.

پرسیارێكی تر لەو كوردە كراوە كە دوای بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیییەكە هیچ بەرپرسێك پێوەندی بە ئەو كردووە، ئەویش دەڵێت "ئەمڕۆ بەیانی ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆك كۆماری ئێران پێوەندی پێوە كردم و گوتی هەرچی زووە سەردانی نووسینگەكەی بكەم. هیوادارم ئەو بتوانێت كێشەكانم چارەسەر بكات.




وشە - سلێمان تاشان