دوای چوونی شاندێكی سلێمانی بۆ بەغدا بەمەبەستی گەیاندنی كۆمەڵێك داواكاری، سەرۆكی شاندەكە دەڵێت، گەیشتووین بەچەند بڕیارێك و بەڵێنی چارەسەركردنیان پێ داوین.
ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی چوونیان بۆ بەغدا ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، سەردانی چەند وەزارەتێكمان كردووە گەیشتووینەتە چەند بڕیارێك.
پارێزگاری سلێمانی گوتی، كردنەوەی مەرزی پشتە بڕیاری لێ دراوە و بەم نزیكانە دەكرێتەوە بەفەرمی، بڕیار دراوە كۆڵبەری فەرمی دروست بكەین كە كاری كۆڵبەری دەكەن لە سنوورەكان، هەروەها لە كۆبوونەوەكان لابردنی بازگەی سەفرە لە خوارووی كەلار لەلایەن بەغداوە دووپاتمان لێ كردەوە ئەوانیش بەڵێنیان دا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن.
هەڤاڵ زیاتر گوتی، كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە و لە ڕۆژانی داهاتوو لە ڕانیەش دەكرێتەوە، هەروەها بڕیار درا ئەو كەسانەی لادراون لەسەر پۆستەكان لە پۆلیسی پاسەوانی سنوور، دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، لیوای سێ ڕێك دەخرێتەوە و داوای دامەزراندنی 500 كەسمان كردووە بۆ ئەم لیوایە.
لە سلێمانی كردنەوەی 11 بەنزینخانە بە نرخی گونجاو بەنزین بە هاووڵاتییان بدەن گفتوگۆی لەسەر كرا و بەغداش دوای گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بڕیاری لێ دەدات. بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كە سەرۆكی شاندەكە بوو.
ماوەی دوو ڕۆژە شاندێكی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی گەیاندنی كۆمەڵێك لە داواكاری كە حكوومەتی عێراق وەك سزادانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێ داوە، سەردانی بەغدایان كردووە، ئەمڕۆ شاندەكە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.