وەزارەتی پێشمەرگە سكاڵا لەسەر پەرلەمانتارێكی گۆڕان تۆمار دەكات

:: PM:04:19:25/04/2018 ‌
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشكرای كرد، پەرلەمانتارێكی گۆڕان تۆمەتێكی بێ بنەمای خستووەتە پاڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كە گوایە برایانی عەرەبی ئەنفال كردووە و شەڕی تیرۆریستانی داعشیان نەكردووە، لە بەرانبەر ئەمەیش وەزارەتی پێشمەرگە ڕێكاری یاسایی دەگرێتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، لە ڕاگەیەنراوێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان هاتووە، لە بارەی تۆمەتە بێ بنەما و ناڕەواكان دژ بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ڕۆژی سێشەم لە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و دوور لە هەموو جۆرە ئیتیكێكی ویژدانی و مرۆڤایەتی و ڕاستگۆیی، مەحموود رەزا ئەندامی خولی ئێستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵی عێراق و كاندید بۆ ئەندامیەتی خولی ئایندەی ئەنجوومەن، تەنیا لەبەر پڕوپاگەندەكردن بۆ خۆی، بە شێوازێكی زۆر ناڕەوا و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تۆمەتێكی بێ بنەمای خستنە پاڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە گوایە پێشمەرگە برایانی عەرەبی ئەنفال كردووە و شەڕی تیرۆریستانی داعشیان نەكردووە، بۆیە دیارە ناڕەوایی و بێ بنەمایی ئەم تۆمەتە گەورەیە تەنیا بە یەك بەڵگە پووچەڵ دەبێتەوە، ئەویش ژمارەی قوربانییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەزار و 714 شەهید و 10 هەزار و 725 برینداری داوە جگە لە خۆگرتنی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، وەك وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك لێدوان و گوتە و تۆمەتەكانی ئەم ئەندام پەرلەمانە ڕەت دەكەینەوە و بە توندی سەركۆنەی دەكەین كە سەرەڕای ئەوەی خۆی چەندان ساڵ پێشمەرگە بووە و بە پێی یاسا دەبێت بە ڕاژەی پێشمەرگایەتی لە ئایندەدا خانەنشین بكرێت. وەك مافێكی یاسایی و شەرعی خۆمان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گوتە و لێدوان و تۆمەتە ناڕەواكانی ئەو بەڕێزە دەگرینەبەر.

لە دەستپێكی شەڕی داعش پێشمەرگەی كوردستان بە درێژایی هەزار و 50 كیلۆمەتر دژی داعش شەڕی كرد و چەندان داستانی مێژوویی تۆمار كردووە لە ڕابردوو.



وشە - رامیار جەواد