زێباری: هەرگیز نەمانگوتووە راستەوخۆ دوای ریفراندۆم لە عێراق جیا دەبینەوە

:: PM:05:19:25/04/2018 ‌
لە دیبەیتێك لە شاری هەولێر، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە هەرگیز نەیانگوتووە راستەوخۆ دوای ریفراندۆم لە عێراق جیا دەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە راستەوخۆ دوای ریفراندۆم لە عێراق جیا دەبینەوە، ریفراندۆم مافێكی رەوای كورد بووە و دەنگی داوە بۆ دیاركردنی مافی چارەنووسی، بۆیە دژیەكی لە نێوان ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق نابینم.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەگەر كورد لە ناوخۆی یەك دەنگ بێت و بتوانێت لە بەغدا زیاتر لە 60 كورسی بەدەست بێنێت، بە دڵنیاییەوە كورد قوڕساییەكی زۆری دەبێت، چونكە بە گوێرەی راپرسییەكان بارستە شیعەكان بە هۆی دابەشبوونیانەوە كورسییەكانیان پەرش و بڵاو دەبێت.

زێباری گوتی، ئەگەر دەستوور نەبوایە لە 16ـی ئۆكتۆبەر سوپا و حەشد دەهاتنە هەولێر و سلێمانی و رانیەش و رەنگە كورد رەوشێكی تری هەبوایە، بۆیە گرنگە كورد بچێتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ سیاسەت بكات.

لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق هەندێكیان بە چانس و هەندێكیان بە توانای خۆیان بوونەتە سەرۆك وەزیران و ئێستاش عەبادی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نییە.

ئەو وتانەی هۆشیار زێباری لەكاتی بەڕێوەچوونی دیبەیتی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی كەناڵی كوردستان24 بوو لە شاری هەولێر.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی و دوو كاندیدی تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.



وشە - رامیار جەواد