مەلا بەختیار: شیعە بە پشتیوانی ئێران هاتنەوە كەركووك

:: PM:05:40:25/04/2018 ‌
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت كە شیعەكانی عێراق بە پشتیوانی ئێران هاتنەوە كەركووك.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند، ئێمە نەتەوەیەكین داگیر و دابەش كراوین و كێشەی نەتەوەیی تەنیا لە سیستەمی دیموكراتی چارەسەر دەكرێت، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا عێراق دەتوانێت ببێت بە دەوڵەتێكی دیموكراتی مۆدێرن؟، ئەگەر دەتوانێت ئەوە كێشەكانمان چارەسەر دەبێت، ئەگەریش نەتوانێت ئەوا ئێمە لە سەر بنەمای هاوسەنگی هێز لە عێراق ماوینەتەوە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، كاتێك شیعە دەسەڵاتی گرتە دەست، تێزەكانیان بۆ حوكمڕانی گۆڕانی بەسەردا هات و هاتنە سەر ئەوەی بە زۆرینە و كەمینە حوكمی عێراق بكەن. بۆیە لە عێراق رۆڵی سوننەكان پەراوێز خراوە و شیعەكان بە پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران گەڕانەوە كەركووك و داگیریان كرد.

ئەو گوتانەی مەلا بەختیار لە چوارچێوەی دیبەیتی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی دامەزراوەی كوردستان24 هات كە لە هەولێر ساز كرا.

 چەندین جارە بەرپرسانی یەكێتی بە ئاشكرای دەكەن و دان بەوەدا دەنێن كە ئەو گرووپی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەرییان كرد لەگەڵ شیعەكانی عێراق و ئێران ڕێك كەوتوونە بۆ ڕادەستكردنی شاری كەركووك، كە ئەوەش بە خیانەتێكی مێژوویی دادەنرێت.



وشە - رامیار جەواد