پۆلیسی هەولێر: كوشتنی كادیرەكەی یەكێتی پێوەندی بە هەڵبژاردنەوە نییە

:: PM:06:43:25/04/2018 ‌
دوای نیوەڕۆی دوێنێ‌ كادیرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پلەی كارگێڕی هەبوو لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە شەقامی 100 مەتری لە هەولێر كوژرا، كە لای خۆیانەوە میدیاكانی یەكێتی كێشەكەیان بە سیاسی ناو برد، پۆلیسی هەولێر ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كوژرانی (فارس محەمەد)، هیچ پێوەندییەكی بە سیاسەت و هەڵبژاردنەكانەوە نییە و ئێمە دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە لەسەر كوشتنی ئەو كادیرەی یەكێتی.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێت، كێشەی خێزانی لە نێوان چەند خێزانێكدا هەبووە لە ڕابردوو پەراویشیان هەیە، لە ڕابردوو چەند كەسێكییان لە توركیا لێ گیراوە كە كەسێكیان كوشتووە لە توركیا، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە كە ئەم كێشەیە كێشەی سیاسی بێت، بەڵكو كێشەی كۆمەڵایەتییە و پێوەندی بە هەڵبژاردنەكانەوە نییە.

بەشێك لە میدیاكانی یەكێتی ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە كە كوژرانی (فارس محەمەد) بۆ هەڵبژاردنەكان دەگەڕێتەوە و بە شەهیدیان ناو برد.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ‌ لە سەعات دوو 30 خولەك لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، فارس محەمەد لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تەقەی لێ كرا و لە شوێنی ڕووداوەكە گیانی لە دەست دا.



وشە - رامیار جەواد