ئەمەریكا: هەوڵی فرەوانكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدەین

:: PM:07:13:25/04/2018 ‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەوان نایانەوێت پێداچوونەوە بە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران یان هەڵوەشاندنەوەی بكەن، بەڵكو ئەمەریكا هەوڵی زیادكردنی پاشكۆیەك بۆ رێككەوتننەكە دەدات، لەو كاتەی سەرۆكی فڕەنسا دووپاتی كردەوە كە لە رێككەوتننی ئەتۆمی پاشگەز نابنەوە. 

دوێنێ هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فڕەنسا لە كۆشكی سپی كۆ بوونەوە و پرسی رێككەوتننی ئەتۆمی ئێرانیان تاوتوێ كرد، ئەوان دووپاتیان كردەوە كە رێككەوتننەكە كەموكوڕی تیادایە و پێویستە فرەوانتر بكرێت و دەستوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە و مووشەكەكانی بكرێنە بەشێك لەو رێككەوتننە.

لای خۆیەوە كریستۆفەر فۆرد، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و قەدەغەكردنی بڵاوبوونەوەی چەك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ چوارشەم لە جنێڤ رای گەیاند، ئێمە بەنیاز نین گفتوگۆی نوێ لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتننەكە یان گۆڕینی مەرجەكانی بكەین، بەڵام هەوڵ دەدەین بۆ دانانی بەڵگەنامەیەكی تر وەك پاشكۆ بۆی. 

زیاتر گوتی، ئەو بەڵگەنامە دەتوانێت زنجیرەیەك لە بنەما و یاسای زیاتر بسەپێنێت و ئاماژەی كرد كە مەبەستی سەرەكی لەو هەنگاوە بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی كێشەكان بەشێوەیەكی كاریگەر تر. بۆیە ئەمەریكا هەوڵی مانەوە لەناو رێككەوتننەكە دەدات، بەڵام بەگرێنتی ئەنجامدانی چاكسازی لە كەموكوڕییەكانی.

لەو كاتەی ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشەكشە ناكات و دووپاتی كردەوە كە نابێت سیاسەتەكانی ئێران رۆژئاوا بەرەو جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابكێشن. 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل