سبەی مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەكرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، سبەی پێنجشەم 26ـی نیسان/ ئەپریل، مووچەی چەند داودەزگایەكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

هاوكات لە خشتەی ڕۆژی پێنجشەم مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دابەش دەكرێن كە ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی دابەش كران.

دابەشكردنی مووچە لەكاتێكدایە كە دوێنی "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە، بەغدا بڕی 317 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگی ڕابردوو ڕای گەیاند، بەناردنی پارە لەلایەن بەغدا هەرێم دەتوانێت 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی نیسان/ ئەپریل، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پێدانی مووچەی مانگی شوباتی ساڵی 2018 دەست پێ دەكات.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەوڵ دەدات هاوشێوەی پێش تەنگژەی دارایی لیستی مووچە ڕێك بخاتەوە كە هەموو مووچەخۆرێك بزانێت كەی مووچەی دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە گوێرەی ئەو پارەیەی بەردەستە مووچە دابەش دەكرێت.

بەدابەشكردنی مووچەی سبەی كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی ساڵێ‌ 2018 دێت.



وشە - رامیار جەواد


PM:09:09:25/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 7096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌