توركیا.. عەبدوڵا گویل لە خۆكاندیدكردن نزیك دەبێتەوە

:: PM:09:21:25/04/2018 ‌

سیاسەتی ناوخۆیی توركیا بە ساتێكی شلۆقدا تێپەڕ دەبێت لەناو چڕبوونەوەی هەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بۆ كاندیدكردنی كەسایەتییەكی بەهێز لە بەرانبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئێستای توركیا كە پێشخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راگەیاند.

دوای ئەوەی پارتی گەلی كۆماری توركیا كەمال كولیچدارئۆغڵۆی سەركردەكەی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن سەرپشك كرد، تا ئێستە عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا كاندیدی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان لە كێبركێی سەرۆكایەتی توركیا. 

ئەمە و بڕیارە ئەمڕۆ تیمل كەرەموڵائۆغڵۆ، سەرۆكی پارتی سەعادەتی توركیا كە لەلایەن نەجمەدین ئەربەكانی سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا هاتووەتە دامەزراندن، لەگەڵ گویل كۆ ببێتەوە و پرسی كاندیدبوونی دوایی یەكلا بكاتەوە. ئەوەش لەو كاتەی كە پارتی گەلی كۆماری، گەورەترین پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تا ئێستا كاندیدی بۆ سەرۆكایەتیی توركیا دیاری نەكردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە خواستێكی هەیە بۆ كاندیدكردنی گویل وەك كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەرچی بەشێك لە جەماوەری ئەو حزبە بە گویل رازی نین.

جموجۆڵەكانی كەرەموڵائۆغڵۆ دوای سازان لەگەڵ كەمال كلچدارئۆغڵۆ دێت بۆ پێوانەكردنی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەبارەی ئەگەری رێككەوتن لەسەر كانیدیدێكی هاوبەش، لەو كاتەی كلیچدارئۆغڵۆ لە رۆژانی رابردوودا زنجیرە دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك گەورە كەسایەتی و سەركردەی سیاسی لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان ساز كرد و تیایدا پاڵپشتی هەریەك لە عەلی باباجان، جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و ئەندازیاری پەرەسەندنی ئابووری توركیا لە دوا 10 ساڵی دوایی و سەعدوڵا ئێرگن، وەزیری پێشووی داد و بەشیر ئەتەلای، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی توركیا، لەو كاتەی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵۆ بەردەوامە بۆ هەمان مەبەست.

ئەو هەوڵانە هاوكاتن لەگەڵ هەوڵەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەگەڵ سەركردەكانی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەوان و لەوانەش بۆلنت ئارینج، یەكێك لە دامەزرێنەرانی داد و گەشەپێدان و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران، كە ئارینج رەتی كردەوە هیچ زانیارییەك لەو بارەوە بدات. 

ئەوی ئاماژەیە بۆ ئەگەری زۆری خۆكاندیدكردنی گویل بۆ سەرۆكایەتی توركیا لێدوانەكانی دەوڵەت بەهچەلی، سەرۆكی بزاوی نەتەوەپەرستی توركیایە كە پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكات و شەوی رابردوو گوتی كە ستراتیژیەتێكی زۆر پیس (خراپ) بۆ ئامادەكردنی رای گشتی بۆ كاندیدكردنی عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا بۆ سەرۆكایەتی لەئارادایە. 

بۆیە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا توانیان لەسەر گویل رێك بكەون وەك كاندیدی هاوبەش بە پاڵپشتیكردنی لەلایەن بنكەی جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان و بەشێك لە سەركردە مێژووییەكانی، ئەوكات دەبێتە ژمارەیەكی سەخت لە بەرانبەر خواستەكانی ئەردۆغان بۆ بردنەوە بە خولێكی تری سەرۆكایەتی كە تا 2023 بەردەوام دەبێت.

لەو ناوەدا و سەرەڕای دووركەوتنەوەیان لە راگەیاندنەكان لەلایەن پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە گفتوگۆكردن و هاوپەیمانیكردن لەگەڵ پارتی گەلانی دیموكراتی كوردی بەهۆی مەترسی تۆمەتباركردنیان بە پاڵپشتیكردنی تیرۆر، بەڵام پێوەندیكردنی نێوان پارتی گەلانی كۆماری و پارتی گەلانی دیموكرات بەردەوامە و پارتە كوردییەكە گویلی پێ باشترە.

ئەوەش لەو كاتەی كە سەعدی گوفن، سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا رای گەیاند كە سبەی یان دووسبەی رۆژژمێری كاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی پێشوەختەی 24ی حوزەیرانی داهاتوو بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەش دوای بڵاوكردنەوەی یاساكانی پێوەست بە هەڵبژاردنەكان لە رۆژنامەی فەرمی.   

دووشەم 23ی نیسان عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا و ئەحمەد داوودئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە لە ئەنكەرە كۆبووەنەوە، لەو كاتەی تا دێت قسەوباس لەبارەی ئەگەری هاتنی گویل، خاوەن جەماوەرێكی گەورە، بۆ ناو كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا وەك ركابەری ئەرۆدغان زیاتر دەبێت.

بەپێی هەردوو رۆژنامەی "خەبەر تورك" و "حوریەت"ی توركیا ئەو كۆبوونەوە كە بە لە 61 رۆژ لە وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە هات و بڕیارە لە 24ی حوزەیرانی داهاتوو بێتە سازكردن، سعاتێك بەردەوام بووە و بەپێی سەرچاوەكان ئەو دوو كەسایەتییە دوای وازهێنانیان لە پۆستە فەرمییەكانیان لە حكوومەت لە پێوەندی بەردەوام دابوون، بەڵام وادەی كۆبوونەوەكەیان لە 23ی نیسان جێی تێبینییە.

لەو بارەوە حلمی داشمیر، سەرۆكی كۆمپانیای (ئۆپتیمار) بۆ راپرسی لە توركیا لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا پێشبینی كرد كە لەگەڵ خۆكاندیدكردنی عەبدوڵا گویل بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، نزیكەی 50 پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا پێوەندی بە ریزەكانی پارتی سەعادەت دەكەن.

داشمیر لە میانی پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی "نەبز توركیا" لە كەناڵی "خەبەر تورك تی ڤی" زیاتر گوتی، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پارتی فەرمانڕەوا لەگەڵ خۆكاندیدكردنی گویل دەست لەو پارتە دەكێشنەوە و دەچنە ریزەكانی پارتی سەعادەت كە پاڵپشتیی لە گویل دەكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل