نێچیرڤان بارزانی: مەرج نییە ئەو جارە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت

:: PM:09:59:25/04/2018 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دووپاتی دەكاتەوە كە كورد پێویستە بەغدا جێنەیەڵن كە بۆ هەرێمی كوردستان ستراتیجییە و پێویستە كورد لەبارەی دوارۆژی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە ئەنجام بگەن، ئاماژەی كرد كە پۆستی سەركۆماری عێراق هەر بۆ كورد دەبێت، بەڵام مەرج نییە جارێكی تر پۆستەكە بۆ یەكێتی بێت.

نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێكی تایبەتی تەلەڤزیۆنی "رووداو" رای گەیاند كە ئەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن ناتوانن زیاتر لەوە بكەن كە حكوومەت ئەنجامی داوە و ئەوشی ئەمڕۆ بانگشەی بۆ دەكەن تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنە.

زیاتر گوتی، پارتی بۆ هەڵبژاردن حەز بە شەڕی لافیتە ناكات وەك ئەوەی ئەمڕۆ هەیە و چاوەڕوان دەكرێت پارتی پلەی یەكەم بەدەست بێنێت لەسەر بنەمای دەنگدەرانی و هاووڵاتییانیش كە دەزانن كێ زیاتر خزمەتیان دەكات.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم روونی كردەوە، رەنگە بۆ ئەم هەڵبژاردنە بارزانی زۆر دیار نەكەوێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە پاڵپشتی لێ ناكات، تەنانەت ئەوەی ئێمە دەیكەین هەمووی لەژێر سەرپەرشتیی و چاودێری مەسعوود بارزانییە و لەو هەڵبژاردنەش ئەو دەیەوێت هەموو هاووڵاتییان دەنگ بدەن یەكڕیزی گەلی كوردیش لەپێش هەموو شتێكە.  

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی كرد، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ سێ خولی رابردوو لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو و ئەو پۆستە هەر بۆ كورد دەبێت، بەڵام مەرج نییە جارێكی تر پۆستەكە بۆ یەكێتی بێت.

لەبارەی پاشەكەوتی مووچەوە، سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند كە خۆشبەختانە توانیمان گۆڕان لە پاشەكەوتی مووچە بۆ مانگی رابردوو بكەین، لەگەڵ زیادبوونی داهاتی هەرێمیش هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە دەدەین، ئاماژەی كرد كە رێككەوتننی نێوان حكوومەتی هەرێم و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ رەوانەكردنی پارەی مووچە و پەرەپێدانی رێككەوتننەكە بەردەوام دەبێت. 

سەرچاوە/ شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل