لهوانهیه یهكهمجار بێت ئهو ناوهتان بیستبێت، خۆى له خۆیدا (جیوب) لە زمانی كوردیدا پێی دەوترێت (كهلێنهكانی لووت) ئەویش بریتییە لەو بۆشاییانەی كە لەناو ئێسكەكانی كاسەی سەردا هەیە.
سەبارەت بەنەخۆشی ههوكردنی كهلێنهكانی لووت و نیشانە و هۆكارەكان و چارەسەركردنی، ئهمڕۆ چوارشهم 25ى نیسان، دكتۆره میدیا محهمهد، پسپۆری نەخۆشییەكانی قوڕگ و لووت و گوێ له لێدوانێكى تایبهتدا لهو بارهیهوه به سایتى "وشه"ى ڕاگهیاند، ئەرك و گرنگی هەبوونی ئەم كهلێنانه چییە؟، گوتى، چەند ئەركێكی هەیە لەوانە كەمكردنەوەی قورسایی كاسەی سەر كە لە مرۆڤێكی پێگەیشتودا دەگاتە نزیكەی 5 كیلۆگرام و بۆ ئەوەی مل بتوانێت بە بەردەوامی هەڵی بگرێت كه نابێت ڕێژەكەی لەوە زیاتربێت.
زیاتر گوتی، هەروەها بەشداری دەكات لە دروستكردنی شێدا، واتە ئەو هەوایەی لە زستاندا هەڵی دەمژیت هەوایەكی ساردە ئەو گەرمی دەكات وە بەپێچەوانەشەوە لە هاویندا هەوایەكی گەرمە و ئەم شێداری دەكات دواتر بەرەو سنگ دەڕوات، جگە لەوەش بەشداری دەكات لە زرنگانەوەی دەنگ، واتە ئەگەر كەسێك تووشی هەوكردنی كهلێنهكان بێت، تۆنی دەنگی دەگۆڕێت و وا دەری دەخات كە بە لووت قسە دەكات.
روونی كردهوه، كهلێنهكانی لووت لە سەرەتای لەدایكبوونەوە، واتە لە منداڵیدا دروست نابێت، بەڵام بەپێی كات لەگەڵ گەورەبوونی تەمەن و كاسەی سەری مرۆڤدا دروست دەبێت، مرۆڤ پێنج جووت كهلێنی لووتی هەیە كە دابەش بوون بەسەر كاسەی سەریدا.
له بارهى پڕبوونی كهلێنهكانی لووت كه كاریگەری چییە؟، ئاشكراى كرد، "خۆی فهرمانەكهی بریتییە لە سووككردنی كاسەی سەر، ئەمە بۆمان دەردەخات كە ئەم كهلێنانه هەوایان تێدایە و ئەگەر بێت و ئاو یاخود ئێسكی تێدا بێت، كاسەی سەر قورس دەبێت و كاریگەری خراپ جێدێڵێت".
هەموو كهلێنێك بە كەناڵێكی باریكەوە بەستراوەتەوە بەناو لووتەوە و لەو ڕێگەیەوە هەوا دەچێتە ناویانەوە لەگەڵ هەموو هەناسە هەڵمژینێكدا، هەندێكجار بەهۆی هەندێك حاڵەتەوە كە ئەم كەناڵە بچووكانە داناخرێن، دواتر كێشەكان دەست پێ دەكات.
كاتێك كەناڵی لووت دادهخرێت دەبێت ئەو پاڵەپەستۆیەی هەوا كە لەناو كهلێنهكاندایه كەم دەبێتەوە و هەوا هەڵدەمژرێ و لووله خوێنەكانیش كە دەوری ناوپۆشی كهلێنهكانیانداوە دەئاوسێن و هەندێكجار شلەمەنی لەناو لووله خوێنەكانەوە دێتە ناویانەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی كات مرۆڤ بەهۆی هەڵامەتەوە كهناڵی كهلێنهكانی دادهخرێت بەكتریا پەلاماری ئەو شلەیە دەدات و هەوكردن بەهۆیەوە ڕوو دەدات.
لەو كاتەدا سەرو ناوچەوان قورس ئەبێت كه هێشتا ئازاری لەگەڵدا نییە، ئەگەر هاتوو چارەسەری بۆ وەرگرت ئەوە نابێتە هۆی دروستكردنی چڵك و دەوەستێت، بەڵام ئەگەر توشبووەكە خۆی بەرگری لەشی كەم بوو یان ئەو بەكتریایەی كە هۆكاری نەخۆشیەكەیە زۆر بەهێز بوو یاخود سەردانی پزیشكی نەكرد، ئەوا لەو حاڵەتەدا بە هێواشی ئەو شلەیە دێتە ناو كهلێنهكانهوه و دەبێتە چڵك. كاتێك كە پرسیار دەكرێت ئەو كەسە ناوچەوانی زۆر بە ئازارە و بە تەواوی لووتی قەپات بووە و شلەمەنییەكە لە لووتەوە قووت دەدات بۆ ناو قوڕگ و زیاتر لە بەیانیاندا سەرئێشەكەی زیاد دەكات تا سهعات 11ی پیچشنیوهڕۆ ئەمە یەكێكە لەو نیشانانە.
هەوكردنی كهلێنهكان لە منداڵدا زۆر كەم دەبینرێت، چونكە لە تەمەنی منداڵیدا دروست نەبوون، بەڵام ئەوەی زیاتر لە منداڵدا بەدی دەكرێت زیادبونی گۆشتی زیادەی پشتی لووتە كە مرخە مرخی بۆ دروست ئەكات و بەدەم هەناسە دەدات، ئەمە پێوەندی بە كهلێنهكانهوه نییە.
چارەسەرەكان دەكرێن بە دوو بەشەوە كە هەندێكیان لە هەوكردنی كهلێنی كتوپڕە، واتە كەمتر لە سێ هەفتەیە، یان پرسیار دەكرێت كە لەدوای هەڵامەتەوە وای لێهاتووە و ئەمە پێ دەگوترێت هەوكردنی كتوپڕی كهلێنهكانی لووت، هەندێكی تریان ماوەی ساڵێكە هەوكردنیان هەیە و چاك نەبوون، لێرەدا بە هەندێك شیكاری بۆمان دەردەكەوێت كە هەوكردنێكی درێژخایەنە.
چارەسەری هەوكردنی كتوپڕ ئاسانە، چونكە هێشتا كێشەی زۆر دروست نەبووە كە بە هەندێك جۆری دەرمان و ئازارشكێن و پەمپ چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر درێژخایەن بوو زیاد لە سێ مانگ بوو ئەو حاڵەتانە سوود لە دەرمان وەرناگرن، بۆیە ناچارین پەنا بۆ نەشتەرگەری ببەین كە هەر كهلێنێك جۆرێك لە نەشتەرگەری خۆی هەیە.
پاككردنەوە كاتێك دەكرێت لە سێ مانگ كەمتر بێت و هەوكردنی هەبێت و بە دەرمان چارەسەر نەبێت، لەبەرئەوەی ئەو چڵكەی لە ژێر چاوەكانیدایە كۆبووهتەوە و خەست بووهتەوە و بووهتە بەرگێك، بۆیە ناچارین كە شووشتنیان بۆ بكەین.
ئێستا چارەسەری نەشتەرگەری گەورە بە ناوبینی پەیدا بووە كە لە ساڵی 1997 لە جیهاندا دەستی پێ كردووە و دواتر بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبووهتەوە، واتە بەشێوەیەكی نوێگەری ئەم نەشتەرگەرییانە ئەنجام دەدرێن، بەڵام كاتێك ئێمە نەشتەرگەری ناوبین دەكەین كهلێنهكان دەردێنین و ئێسكەكان دەشكێنین و هەمووی دەكەین بەیەك بۆشایی.
نەخۆشەكە زۆر كات نەجاتی ئەبێت، بەڵام بەو پێیەی كە ئێمە كهلێنهكانمان لابردووە ئەو ئەركەی كهلێن دەیبینێت نامێنێ و تا ئێستاش پێشكەوتووترین نەشتەرگەرییەكان ئەو نەشتەرگەرییانەن كە بەناوبین دەكرێت بۆ ڕوونەدانەوەی هەوكردنەكە، ئەمەش نەخۆش سوودی زۆری لێ وەرگرتووە، ئەگەر دروستیش ببێتەوە لەدوای سێ ساڵەوە دەبێت و هەندێ جاریش هەر دروست نابێتەوە.