سوننە وریایی لە ساختەكردنی هەڵبژاردن لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەدەن

:: PM:10:51:25/04/2018 ‌

لەو كاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای دەگەیەنێت كە بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان پشت بە چاودێرانی نێودەوڵەتی لە باڵوێزخانە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەبەسترێت، هاوكات عەرەبی سوننە وریایی لە ساختەكردن لەلایەن گرووپە چەكدارەكان لە ناوچەكانیان دەدەن. 

حازم ردێنی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای گەیاند كە پرۆسەی پشت بەستن و هێنانی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردن بەردەوامە و تا ئێستە زیاتر لە 100 چاودێری نێودەوڵەتی تۆمار كراون.

لای خۆیەوە شەعلان كەریم، سەرۆكی هاوپەیمانی سەڵاحەدین ناسنامەمانە، ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە پێویستە سندووقەكانی دەنگدان لە 12ی ئایاری داهاتوو لە دەستكاریكردن بپارێزرێن، چونكە لە ناوچە گەرمەكاندا (ناوچە سوننەكان) گرووپە چەكدارەكانی كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە دەكەن و ئەگەر هەیە بە هەڕەشەی چەك ئەنجامەكان بگۆڕن. ئەو داوای چاودێرییەكی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەكان كرد بۆ رێگرتن لە ساختەكاری.

لای خۆیەوە قەیس شزەر، ئەندامی هاوپەیمانی بەغدا ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی كردەوە كە ئەوان ترسیان هەیە لە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی ساختەكاری، بۆیە پێویست بە چاودێرییەكی نێودەوڵەتی پرۆسەكە دەكات.  

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دێتە سازكردن كە تیایدا زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە شەش هەزار كاندید كێبەركێ بۆ بەدەستهێنانی 328 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل